ململانێی نازناوی پرێمەرلیگ.. ئایا مێژووی 2012 بەجیاوازیی گۆڵ دووبارە دەبێتەوە؟

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
محەممەد سەڵاحەدین
محەممەد سەڵاحەدین
نیشانەکردن پرێمەرلیگ
A+ A-


رووداو دیجیتاڵ

ململانێی بەدەستهێنانی نازناوی پرێمەرلیگ لە نێوان ئارسیناڵ و مانچێستەر سیتی گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە، پێشبینییەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن رەنگە جیاوازی گۆڵ ببێتە هۆکاری دیاریکردنی ناسنامەی پاڵەوانی ئەم وەرزە، هەروەک چۆن لە ساڵی 2012 روویدا کاتێک مانچێستەر سیتی بە جیاوازی 8 گۆڵ نازناوەکەی لە مانچێستەر یونایتد بردەوە.
 
لە مێژووی پرێمەرلیگدا تەنیا مانچێستەر سیتی توانیویەتی بەهۆی جیاوازی گۆڵەوە نازناوەکە بباتەوە، کاتێک لە دوایین خولەکی یاریی بەرامبەر کوینز پارک رێنجەرز، سێرجیۆ ئەگوێرۆ گۆڵی سەرکەوتنی تۆمارکرد. لەم وەرزەشدا سیناریۆکە زۆر نزیکە؛ ئارسیناڵ بەجیاوازی 3 خاڵ لەپێشە، بەڵام مانچێستەر سیتی یارییەکی کەمتر ئەنجامداوە. جیاوازی گۆڵەکانی هەردوولا زۆر کەمە، ئارسیناڵ خاوەنی +38 گۆڵە و مانچێستەر سیتیش +37 گۆڵی هەیە.
 
میدیای ئینگلیزی ئاماژە بەوە دەکەن کە گواردیۆلا، هێڵێکی هێرشبەری بەهێزی دروستکردووە کە لە ئانتوان سیمینیۆ، جێرمی دۆکو، رەیان شەرقی و ئێرلینگ هالاند پێکهاتووە. ئەم پێکهاتەیە وایکردووە مانچێستەر سیتی لەڕووی هێرشبەرییەوە لە باشترین دۆخیدا بێت. لە بەرامبەردا ئارسیناڵ بەهێزترین هێڵی بەرگری لەسەر ئاستی پێنج خولە گەورەکەی ئەورووپای هەیە و لە هەر یارییەکدا تەنیا 0.76 گۆڵی لێ دەکرێت.
 
خشتەی یارییەکان خاڵێکی گرنگی ئەم ململانێیەیە. ئارسیناڵ یارییەکانی بەرامبەر ئەو یانانەیە کە لە نیوەی خوارەوەی ریزبەندیی خولەکەدان، وەک بێرنلی کە لاوازترین هێڵی بەرگری هەیە. ئەمە دەرفەتێکی گەورەیە بۆ یاریزانانی میکێل ئارتێتا تاوەکو ژمارەی گۆڵەکانیان زیاد بکەن. لە بەرامبەردا، مانچێستەر سیتی ئەرکی قورسترە و دەبێت رووبەڕووی یانەکانی وەک بۆرنمۆس، ئێڤەرتۆن و ئاستۆن ڤێلا ببێتەوە کە بۆ گەیشتن بە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان دەجەنگن.
 
سیستمە پێشکەوتووەکانی پێشبینیکردنی ئەنجامەکان ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن ئارسیناڵ هەلی زیاتری هەیە بۆ پاراستنی جیاوازی گۆڵەکان، بەڵام ئەگەر هەردوو یانە لە خاڵەکاندا یەکسان بن، مێژووی مانچێستەر سیتی لە تۆمارکردنی گۆڵی زۆردا، پێگەی ئەو یانەیە بەهێزتر دەکات. لە مێژووی پرێمەرلیگدا، گەڕی دوایین هەمیشە پڕبووە لە ئەنجامی چاوەڕواننەکراو و گۆڵی زۆر، ئەمەش وادەکات پێشبینیکردنی پاڵەوان تاوەکو دواخولەکەکان مەحاڵ بێت.
 
لە دوایین گەڕی خولەکەدا، ئارسیناڵ رووبەڕووی وێستهام دەبێتەوە کە بۆ مانەوە دەجەنگێت، لە کاتێکدا مانچێستەر سیتی میوانداریی ئاستۆن ڤێلا دەکات. ئەم جۆرە یارییانە لە کۆتایی وەرزدا هەمیشە پڕن لە گوشار و گۆڕانکاریی خێرا، چونکە پاڵنەری یانەکان بۆ مانەوە یان گەیشتن بە ئەورووپا چارەنووسی یارییەکان دەگۆڕێت.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە