رووداو دیجیتاڵ
هەردوو یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانیا، چاویان لەبەدەستهێنانی تواناکانی جیانلویجی دۆناڕۆمای گۆڵپارێزی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسییە، کە دوو رۆژ لەمەوپێش لەگەڵ یانەکەیدا، نازناوی چامپیۆنزلیگی ئەمساڵی بەدەستهێنا.
دۆناڕۆمای 26 ساڵان، لە هاوینی ئەمساڵدا گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە فەرەنسییەکە کۆتایی دێت، ئەو یاریزانە تاوەکو ئێستا گرێبەستەکەی نوێنەکردووەتەوە و لە نوێترین لێدوانیش لەبارەی داهاتووی خۆیەوە دەڵێ، چاوەڕێ دەبین بزانین چی روودەدات.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایانکردووە، هەریەکە لە یانەکانی ریال مەدریدی ئیسپانی و بایرن میونشنی ئەڵمانی، چاویان بڕیوەتە تواناکانی ئەو گۆڵپارێزە ئیتاڵییە.
دەنگۆکانی رۆیشتنی دۆناڕۆما کاتێک زیاتر گەرمبوون کە ئەو گۆڵپارێزە لە دوای یاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگ گوتی، "نازانم دەمێنمەوە یان نا، لەچەند رۆژی داهاتوودا دەردەکەوێت، ئێستا سەرنجم لەسەر هەڵبژاردەی ئیتاڵیا دەبێت".
میدیاکان ئاماژەیان بەوردەکاریی ویست و هەوڵدانی ئەو دوو یانەیە نەداوە لە گرێبەستکردن لەگەڵ ئەو گۆڵپارێزە، بەڵام ئاشکرایانکردووە، هەردوو یانە چاویان لە دابینکردنی داهاتووی گۆڵەکانیانە لەرێگەی گرێبەستکردن لەگەڵ دۆناڕۆما، کە ئێستا بەیەکێک لە باشترینەکانی جیهان ناودەبرێت.
دۆناڕۆما دوای کۆتاییهاتنی ئاهەنگەکانی یانەکەی بەبۆنەی بەدەستهێنانی نازناوی چامپیۆنزلیگ، روودەکاتە کەمپی مەشقی هەڵبژاردەی ئیتاڵیا کە خۆی بۆ دوو یاریی داهاتوو بەرامبەر هەڵبژاردەکانی نەرویج و مۆڵدۆڤا لە پاڵاوتنەکانی مۆندیالی داهاتوو ئامادە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ