رووداو دیجیتاڵ
پێدەچێت داهاتووی ئەستێرەی پۆڵەندی، رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی لەگەڵ یانەی بارسێلۆنا لە کۆتایی نزیک بووبێتەوە، لانیکەم بەپێی ئەو ئاماژانەی کە ئانا لیڤاندۆڤسکی هاوژینی داویەتی، کە پێشبینی دەکات ئەم وەرزە دوایین وەرزی هێرشبەرە بە ئەزموونەکە بێت بە درێسی تیپە کەتەلۆنییەکەوە.
ئانا لیڤاندۆڤسکی لە لێدوانێکیدا بۆ میدیای پۆڵەندا، باسی لە قۆناخی ئێستای ژیانیان لە ئیسپانیا کرد و ئاماژەی بەوە دا کە کۆتایی گەشتەکەیان لەگەڵ بارسێلۆنا نزیک بووەتەوە و گوتی "دەبینین وەرزەکە لە بارسێلۆنا چۆن کۆتایی دێت، بەڵام دەکرێت بڵێین بە ئەگەرێکی زۆرەوە ئەمە دوایین وەرزی هاوژینەکەم دەبێت لێرە".
هەروەها گوتیشی "ئێمە هەموو ساتێکمان بەو جۆرە ژیاوە کە وەک لیمۆیەک تاوەکو دوایین دڵۆپ بیگووشین، چێژمان لە هەموو یارییەک و هەموو کارلێکێک لەگەڵ هاندەران بینیوە، چونکە دەزانین ئەمە بۆ هەتا هەتایە بەردەوام نابێت".
سەرەڕای ئەم ئاماژە روونە، هاوژینەکەی هێرشبەرەکەی بارسێلۆنا دووپاتیکردەوە کە هیچ زانیارییەکی پشتڕاستکراوەی نییە سەبارەت بە هەنگاوی داهاتووی کاروانی وەرزشیی لیڤاندۆڤسکی، جەختیشی کردەوە کە داهاتوو هێشتا لەبەردەمیدا کراوەیە.
تەمەنی لیڤاندۆڤسکی 37 ساڵە، بەڵام هێشتا خاوەنی جەستەیەکی ئامادە و ئاستێکی رکابەریی بەهێزە، ئەمەش وایلێدەکات ببێتە بژاردەیەکی سەرنجڕاکێش بۆ چەندین یانە.
بەپێی پێشبینییەکان، ئەم هێرشبەرە پۆڵەندییە تووشی هیچ کێشەیەک نابێت لە وەرگرتنی گرێبەست لە یانە ئەورووپییەکانەوە، جگە لەو بایەخە زۆرەی لە لایەن خولی ئەمریکی یان خولی سعودییەوە بۆی هەیە.
ئانا لیڤاندۆڤسکی کۆتایی بەقسەکانی هێنا و گوتی "نازانین چی بەڕێوەیە، بەڵام ئەمە سروشتی کاروانی وەرزشیی وەرزشوانە گەورەکانە، ئێمە بۆ هەموو ئەگەرەکان ئامادەین".
رۆبێرت لیڤاندۆڤسکی چوارەم وەرزی خۆی لەگەڵ بارسێلۆنا بەڕێدەکات، لە ساڵانی دواییدا یەکێک بووە لە دیارترین ئەستێرەکانی تیپەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ