دوای بردنەوە لە ئێڵچی هەرا لە ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنادا روویداوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن فرێنکی دی یۆنگ فێران تۆرێس
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

سەرەڕای سەرکەوتن بەسەر ئێڵچیدا؛ ژووری جلگۆڕینی بارسێلۆنا دوای یارییەکە ئاڵۆزی و هەرای بەخۆیەوە بینیوە و فرێنکی دی یۆنگ لە ئەستێرەیەکی تیپەکەی تووڕە بووە و راشکاوانە بە هانزی فلیکی راهێنەری راگەیاندووە کە ئەو یاریزانە شایەنی ئەوە نییە بەشێوەی سەرەکی یاری بکات.
 
یانەی بارسێلۆنا سەرکەوتنێکی گرنگی لە خولی ئیسپانی بەدەستهێنا، بەڵام بەگوێرەی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ژووری جلگۆڕینی یانە کەتالۆنییەکە دوای یارییەکە گرژی و ناڕەزایەتی بەخۆوە بینیوە.
 
بارسێلۆنا توانی بەئەنجامی 3-1 لە یانەی ئێڵچی بباتەوە و پێگەی خۆی لە لووتکەی لالیگا بەهێزتر بکات، بەوەش جیاوازییەکەی لەگەڵ ریال مەدریدی رکابەری بۆ 4 خاڵ زیادکرد، پێش ئەوەی یانە شاهانەکە ئەمڕۆ رووبەڕووی رایۆ ڤاییکانۆ ببێتەوە.
 
رۆژنامەی ئێل ناسیۆناڵی ئیسپانی ئاشکرای کردووە کە فرێنکی دی یۆنگ، ئەستێرەی هۆڵەندیی بارسێلۆنا، بە تووندی لە ئاستی هێڵی هێرشبەری تیپەکەی و لەدەستدانی هەلە ئاسانەکان تووڕە بووە. دی یۆنگ پێیوایە تیپەکە دەیتوانی بەئەنجامێکی زۆر گەورەتر یارییەکە بباتەوە و کێبڕکێکە زووتر یەکلایی بکاتەوە.
 
بەگوێرەی سەرچاوەکە، دی یۆنگ بەتایبەتی لە ئاستی فێران تورێس نیگەران بووە، بەهۆی ئەوەی چەندین هەلی زێڕینی گۆڵکردنی لەدەستداوە، کە ئەوەش وایکردووە بارسێلۆنا لە خولەکەکانی کۆتاییدا لەژێر گوشاردا بێت و نووسیویەتی "دی یۆنگ راشکاوانە بە هانزی فلیکی راهێنەری راگەیاندووە کە ئەو یاریزانە شایەنی ئەوە نییە بەشێوەی سەرەکی یاری بکات".
 
داوایەک لە هانزی فلیک
 
رۆژنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوەش کردووە، دی یۆنگ پێیوایە فێران تورێس بەم ئاستەی ئێستای شایەنی ئەوە نییە لە پێکهاتەی سەرەکیدا بێت. ئەو یاریزانە هۆڵەندییە بەشێوەیەکی راستەوخۆ داوای لە هانزی فلیکی راهێنەر کردووە پێداچوونەوە بە بژاردەکانی هێڵی هێرشبەریدا بکات و دەرفەت بداتە ئەو یاریزانانەی کە لەبەردەم گۆڵدا کاریگەرترن".
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوەیە، دی یۆنگ بەتووڕەیی و بە دەنگی بەرزەوە قسەی کردووە و لە ژووری جلگۆڕیندا هەری ناوەتەوە.
 
ئەم کێشە ناوخۆییە لەکاتێکدایە کە هانزی فلیک هەوڵدەدات یەکگرتوویی و هەماهەنگی ناو ژووری جلگۆڕین بپارێزێت، بەتایبەت کە لالیگا گەیشتووەتە قۆناخێکی یەکلاکەرەوە و هەر جۆرە ساردبوونییەک یان لەدەستدانی خاڵ، لەوانەیە خەونی بەدەستهێنانی نازناوەکە بۆ بارسێلۆنا لەبارببات.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە