بەهۆی نەیمارەوە پیاوێک 17 ساڵ زیندانی دەکرێت

02-07-2025
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن نەیمار داسیلڤا
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

تۆپێکی واژۆکراوی نەیمار دا سیلڤای ئەستێرەی بەرازیلی و یانەی سانتۆس، بووە سیمبولێکی وەرزشی و نیشتمانی، دزینی تۆپەکەش لە کاتی رووداوێکی سیاسیی ئاڵۆزدا، بووە پرسێکی گەورەی رای گشتی لە بەرازیل و بەو هۆیەوە کەسێک بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزادرا.
 
دادگای باڵای بەرازیل سزای 17 ساڵ زیندانیکردنی بەسەر پیاوێکی تەمەن 34 ساڵدا سەپاند، بە تۆمەتی دزینی تۆپێکی واژۆکراوی نەیمار کە وەک "کەلەپوورێکی نیشتمانی" هەژمار کراوە.
 
تۆمەتبارەکە، ناوی نیلسۆن ریبێرۆ فۆنسیکا جونیۆرە، لە کاتی ئەو پشێوییانەدا دەستگیرکرا کە رۆژی 8ـی کانوونی دووەمی 2023، شاری برازیلیای پایتەختی بەڕازیلی گرتەوە. ئەو رووداوانە دوای دەستبەکاربوونی سەرۆکی نوێ، لویز ئیناسیۆ لولا دا سیلڤا و جێهێشتنی دەسەڵات لەلایەن سەرۆکی پێشوو، جایەر بۆلسۆنارۆوە روویاندا.
 
لە کاتی ئەو رووداوانەدا، هەزاران کەس لە لایەنگرانی بۆلسۆنارۆ هەڵیانکوتایە سەر بارەگاکانی حکومەت و زیانێکی زۆریان بە کۆشکی سەرۆکایەتی، پەرلەمان و دادگای باڵا گەیاند.
 
دەسەڵاتداران چەندین تۆمەتیان دایە پاڵ نیلسۆن، لەوانە دزیکردن، هاندان بۆ کودەتا و ئەندامبوون لە رێکخراوێکی تاوانکاری.
 
ناوبراو لە دادگای باڵای بەرازیل دادگایی کرا، کە دوای ئەوەی چوار دادوەر لە کۆی پێنج دادوەر دەنگیان بە سزایەکی توند دا، بە تاوانبار ناسێندرا، بەو هۆیەشەوە ئەو کەسە بە 17 ساڵ زیندانیکردن سزادەدرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە