رووداو دیجیتاڵ
یاریزانێکی کورد لە یاریی بەرزکردنەوەی قورساییدا ریکۆردێکی گەورەی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتیی ئەورووپادا تۆمارکرد و پلەی یەکەمی بەدەستهێنا.
لە پاڵەوانێتیی ئەورووپا بۆ بەرزکردنەوەی قورسایی لە ئاستی لاوانی خوار 15 ساڵدا کە رکابەرییەکانی لە مەدرید بەڕیوەچوو، سەفقان سومەن، یاریزانی کوردی باکووری کوردستان بە ناوی هەڵبژاردەی تورکیاوە بەشداریی لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکەدا کرد و توانیی ریکۆردێکی مێژوویی لە رکابەرییەکەدا تۆماربکات و 145 کیلۆگرامی بەرزکردەوە.
سەفقان خەڵکی شرناخی باکووری کوردستانە، ئێستا یەکێک لە دیارترین ئەستێرە لاوەکانی یاریی بەرزکردنەوەی قورساییە لەسەر ئاستی باکووری کوردستان، تورکیا و ئەورووپا، یاریزانە کوردەکە لە کێشی 88 کیلۆگرامیدا بەشداریی لە پاڵەوانێتی ئەورووپادا کرد توانیی ریکۆردێکی مێژوویی تۆماربکات کاتێک 145 کیلۆگرامی بەشێوەی راستەوخۆ و بەیەکجار بەرزکردەوە.
دوای تۆمارکردنی ئەو ریکۆردە مێژووییە لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتی بەرزکردنەوەی قورسایی ئەورووپادا سەفقان میدالیای زێڕی بەدەستهێنا.
جگە لەوەش دوو میدالیای زیوی بردەوە کاتێک 172 کیلۆگرام و 317 کیلۆگرامی لە رکابەرییەکەدا بەرزکردەوە.


سەفقان ئێستا لە سەر ئاستی تورکیا لە یارییەکەدا ناوێکی دیارە، پێشتر چوار جار میدالیای زێڕی لە پاڵەوانێتیی تورکیادا بەدەستهێناوە و لەسەر ئاستی ئەورووپاش پێشتر چوار جار پلەی سێیەم و میدالیای بڕۆنزی بردووەتەوە.


لە پاڵەوانێتیی ئەورووپادا یاریزانە کوردەکە پێش رکابەرەکانی کەوت و سەرکەوتنی بەرامبەر سۆلۆپی ئاندرێی یاریزانی سەربەخۆ و کۆتێلێڤێسکی سێرهیی ئۆکراینی بەدەستهێنا و پلەی یەکەم و میدالیای زێڕی بردەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ