رووداو دیجیتاڵ
ماتیو بۆسکێتس، ناوبژیوانی یاریی نێوان رایۆ ڤاییکانۆ و بارسێلۆنا لە خولی ئیسپانیا، مشتومڕێکی نوێی نایەوە دوای ئەوەی رەتیکردەوە دانی بە هیچ هەڵەیکیدا نابێت و گوتی "هەر یاریزانێک بڵێت بۆسکێتس دانی بەوەدا ناوە کە هەڵەی کردووە درۆ دەکات".
لەو یارییەدا کە ڤار تێکچوو، لێدانێکی سزا کە بۆ بارسێلۆنا هەژمارکرا هەرای نایەوە و دوای یارییەکە رەخنەیەکی زۆر لە بۆسکێتسی ناوبژیوان گیرا، گوایە بڕیارەکانی لە بەرژەوەندی بارسادا بوون.
ئیزی پالازۆن، یاریزانی رایۆ ڤاییکانۆ، دوای یارییەکە لە لێدوانێکدا رایگەیاند کە ناوبژیوانەکە لە تونێلی ژووری جلگۆڕیندا قسەی لەگەڵدا کردووە و دانی بە هەڵەکەیدا ناوە و پێیگوتووە من هەڵە بووم و لێدانی سزا نەبووە.
ناوبژیوانەکە لەبەردەم لیژنەی ناوبژیوانانی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئیسپانیا نکۆڵی لەوە کردووە کە دانی بە هەڵەکەیدا نابێت و دووپاتی کردەوە کە یاریزانەکە ئیزی پالازۆن درۆ دەکات.
یارییەکە مشتومڕێکی زۆری بەخۆیەوە بینی بەهۆی پەککەوتنی تەکنەلۆژیای ناوبژیوانی ڤیدیۆیی VAR پێش یارییەکە، لەگەڵ شکستی هەوڵەکانی چاککردنەوەی، ئەمەش وایکرد ناوبژیوانی یارییەکە بکەوێتە ژێر گوشارەوە.
ئەو ناوبژیوانە زیاتری گوتووە "من نە قسەم لەگەڵ کەس کردووە و نە باسی حاڵەتەکەم کردووە، چ جای ئەوەی گووتبێتم هەڵەم کردووە".
یارییەکە بەئەنجامی 1-1 کۆتایی هات، و بارسێلۆنا یەکەم دوو خاڵی لەم وەرزەی خولەکەدا لەدەستدا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ