رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئەهلی سەرکەوتنێکی گرنگی بەدەستهێنا و کۆتایی بەبردنەوەکانی یانەی نەسڕ هێنا.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 11ـی خولی رۆشنی سعودیە، یانەی ئەهلی میوانداریی یانەی نەسڕی کرد، دوای تەنیا یەک خولەک یارییکردن، ئەهلی هێرشەکانی بۆ سەر گۆڵی میوانەکەی دەستپێکرد.
لە خولەکی 7 ئیڤان تۆنی دەرگای گۆڵکردنی کردەوە و خاوەن یاریگەی پێشخست، هەمان یاریزان لە خولەکی 19 بە تەنیا مایەوە و بۆ جاری دووەم تۆڕی گۆڵی نەواف عگێدیی هەژاند و ئەهلی بووە خاوەنی دوو گۆڵ.
دوای ئەوە نەسڕ هەندێک باشتر یارییکرد، لە خولەکی 31 عەبدوڵلا عەمری، لێدانێکی بەهێزی ئاراستەی گۆڵ کرد، گۆڵپارێز نەیتوانی کۆنتڕۆڵ بکات و ئەنجامەکەی کەمکردەوە.
دوای چەند خولەکێک هەمان یاریزان بە لێدانی سەر ئەنجامەکەی یەکسانکردەوە، نیوەی یەکەمی یارییەکە بە یەکسانبوون بە دوو گۆڵ بۆ هەرلایەک تەواو بوو.
لە خولەکی 54 مەریح دەمیراڵ بەلێدانی سەر گۆڵی سێیەمی بۆ خاوەن یاریگە تۆمارکرد و ئەهلی بووە خاوەنی سێ گۆڵ.
لە خولەکەکانی کۆتایی یارییەکەدا گرژی لەنێوان یاریزانانی هەردوولادا روویدا، یاریزانێکی ئەهلی و یەکێکی نەسڕ بە کارتی سوور کرانە دەرەوە.
ئەهلی یارییەکەی بە سێ گۆڵ بەرامبەر دوو گۆڵ بردەوە و کۆتایی بە ئەنجامە باشەکانی نەسڕ هێنا.
یانەی نەسڕ یەکەمجارە لە دوای 11 یاریی لەم وەرزەی خولی سعودیدا دەدۆڕێت و یەکەم یارییان لە 2026 دۆڕاند.
کریستیانۆ رۆناڵدۆ دوای 9 یاریی لەسەریەک کە گۆڵی تۆمار دەکرد، ریکۆردەکەی وەستێنرا و نەیتوانی گۆڵ بکات.
دوای دۆڕانیان لە یارییەکەدا، ئەگەری هەیە نەسڕ پێشەنگی ریزبەندی خولەکە لەدەستبدات، ئەگەر یانەی هیلال لە یانەی زەمک بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ