رووداو دیجیتاڵ
مانولۆ گۆنزالێس، راهێنەری یانەی ئیسپانیۆل، دۆخی هەڵچوونی نێوان هاندەرانی یانەکەی و بارسێلۆنای زیاتر بەرەو سەربرد، گوتی با کەس چاوەڕێی ئەوەمان لێنەکات بە چەپکە گوڵەوە پێشوازیی لێبکەین.
ئەو راهێنەرە هەروەها هۆشداریی داوە لە پێشوازیی شەڕانگێزانەی هاندەرانی یانەکەی لە خوان گارسیای گۆڵپارێزی ئێستای بارسا و پێشووی ئیسپانیۆل و دەڵێ، کەس وانەی ئەخلاقیمان فێرنەکات، لەبیرتان چوو هاندەرانی بارسا بەرامبەر گەڕانەوەی لویس فیگۆ بۆ کامپ نو، چییان کرد؟
بڕیارە کاژێر 23:00ی ئەمشەو، بەکاتی باشووری کوردستان، لە دێربیی کەتەلۆنیادا، هەردوو یانەی ئیسپانیۆل و بارسێلۆنا لەسەر یاریگەی ری سی دی تایبەت بە ئیسپانیۆل بەیەک بگەن.
راهێنەری ئیسپانیۆل، لە کۆنگرەی رۆژنامەوانی بەر لە یارییەکەدا، چەندین پەیامی جیاوازی نارد، لەنێوان ئاڵنگاریی بارسا و بۆچوونی لەبارەی ناوبژیوانی یارییەکە و هەڵوێستی هاندەرانی یانەکەی لەبارەی گەڕانەوەی خوان گارسیا بۆ یاریگەی یانەکەی پێشووی.
خوان گارسیا پێشتر گۆڵپارێزی ئیسپانیۆل بوو، هاوینی رابردوو پەیوەندی بەبارسێلۆناوە کرد و لەوکاتەوە هاندەرانی ئیسپانیۆل ئەو گۆڵپارێزە بەخیانەتکار ناودەبەن، چونکە چووەتە بەرەکەی دیکەی یانەکانی شارەکە.
گۆنزالیس لە کۆنگرەی رۆژنامەوانیی بەر لە یارییەکەدا گوتی، پێشبینیکراوە کە هاندەرانی ئیسپانیۆل گوشار لە بارسا بکەن، کەس پێشبینی ئەوە نەکات بەچەپکە گوڵەوە بەخێرهاتنی یاریزانانی بارسا بکەن. دۆخەکە هاوشێوەی ئەوە دەبێت کە ئێمە دەچینە کامپ نو و هاندەرەکانیان لە دژی ئێمە دروشم دەڵێنەوە و پێمان دەڵێن بڕۆن بۆ خولی پلە دوو.
وێڕای داواکاریی لە هاندەرانی ئیسپانیۆل بەئارامگرتن و دەرنەچوون لە ئەتەکێتی هاندان، مانولپ دەڵێ، هەمووان چاوەڕێی ئەوە دەکەن تیپەکەمان هەڵە بکات، تاوەکو هێرشی بکەنە سەر، لەبەرئەوە "کەس وانەی ئەخلاقیمان دانەدات، لەبیرتانە کاتێک لویس فیگۆ گەڕایەوە کامپ نو چییان لێکرد؟ لەبەرئەوە پێموانییە ئەوان (بارسێلۆنا) لە دۆخێکدابن ئامۆژگاریمان بکەن و وانەی ئەخلاقیمان پێ بڵێنەوە، هاندەرانی ئیسپانیۆل بەشیاوی هەڵسوکەوت دەکەن، یارییەکەش لەوە ناچێتە دەرەوە کە ململانێیەکی نێو یاریگەی تۆپی پێیە".
ئەوەی گۆنزالۆ لەبارەی گەڕانەوەی لویس فیگۆ باسیدەکات، ئەو رووداوەیە کە لویس فیگۆ پاش رۆیشتنی بۆ یانەی ریال مەدرید، لە یەکەم گەڕانەوەیدا بۆ کامپ نو، رووبەڕووی هێرشی تووندی هاندەرانی یانەکە بووەوە و هاندەران چەندین کەرەستەی جیاوازیان تێگرت، لەنێویاندا سەری بەرازیان بۆ ئەو یاریزانە هەڵدا.
لەبارەی کەشوهەوای تووندی دێربییەوە، مانولۆ دەڵێ، "نازانم لە یاریگەدا چی روودەدات، دەڵێی هەفتانە خەڵک دێنە ئێرە و ئێمە لێیان دەدەین. من ماوەی زیاتر لە ساڵێکە راهێنەری تیپەکەم و کەسمان نەکوشتووە، من نازانم چی لە یاریگەدا روودەدات، هیچ روونادات. خەڵک دەزانن کە چیدەکەین و چی باشە بیکەین، من زۆر بیر لەو بابەتە ناکەمەوە، ئەوەی بەلامەوە گرنگە ئەوەیە لە یاریگەدا ئاستێکی باشمان هەبێت".
لەبارەی پلانی رووبەڕووبوونەوەی بارساوە، راهێنەری ئیسپانیۆل دەڵێ، ئەوان بەریتمێکی خێرا یارییدەکەن، تیپێکی کامڵن، دەبێ زۆر شتیان بەرامبەر بکەیت و باش بەرگری بکەیت، بەڵام دەبێ ئەوەش لەبیر نەکەیت کە بەباشی هێرشیان بکەیتە سەر.
لەبارەی گەڕانەوەی خوان گارسیای گۆڵپارێزی پێشووی تیپەکە بۆ یاریگەی تیپی پێشووی، ئەو راهێنەرە دەڵێ، بەلامەوە گرنگ نییە، گرنگ بردنەوەیە.
مانولۆ رەخنەی لە دەستنیشانکرانی گارسیا فێردۆرای ناوبژیوانی کەتەلۆنی بۆ بەڕێوەبردنی یارییەکە گرتووە، ئەو دەڵێ، "ئەوە بۆ وروژاندنی مشتومڕێکی ناپێویستە. پێموایە دەستنیشانکردنی ناوبژیوانێکی کەتەلۆنی بڕیارێکی هەڵەیە. دەکرا خۆیان لێبپارێزن، هیوادارام ئەو گوشارەی لە یارییەکەدا دەکەوێتە سەر ئەو ناوبژیوانە، کاریگەریی لەسەر بڕیارەکانی دروست نەکات".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ