ناوبژیوان روونیدەکاتەوە بۆچی کارتی سووری نەدایە یاریزانەکەی ئیسپانیۆل

03-02-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن لالیگا کیلیان ئێمباپێ یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لە دوای مشتومڕی زۆری ئەو گرتەیەی تێیدا یاریزانێکی یانەی ئیسپانیۆل، بەتووندی لە کیلیان ئێمباپێ دەدات و تەنیا کارتی زەرد وەردەگرێت، راپۆرتی ناوبژیوانی یارییەکە ئاشکرابووە کە هۆکاری پێنەدانی کارتی سووری بەیاریزانەکەی ئیسپانیۆل روونکردووەتەوە.
 
لە یاریی نێوان هەردوو یانەی ئیسپانیۆل و ریال مەدرید، لەگەڕی 21ی لالیگا، کارلۆس رۆمیرۆ، هێرشبەری ئیسپانیۆل، بەتووندی لە پشتەوە، لە کیلیان ئێمباپێی هێرشبەری ریال مەدریدیدا، بەڵام ناوبژیوان تەنیا کارتی زەردی دایە ئەو یاریزانە.
 
لە دوای یارییەکە، مشتومڕی زۆر دروستبوو، هەندێک رووداوەکەیان بەناهەقییەکی گەورە بەرامبەر ئێمباپێ ناوبرد. تەلەڤزیۆنی فەرمیی ریال مەدرید هێرشی تووندی کردە سەر ناوبژیوانی یارییەکە و ژووری ڤار و بەهۆکاری شکستی ریال مەدرید لە یارییەکەدا ناویبردن.
 
تەلەڤزیۆنی ریال مەدرید دەڵێ، ئەو یاریزانەی گۆڵی بردنەوەی لە ریال مەدرید کرد، دەبوو پێشتر بەهۆی گرتەکەی لێدانەکەی ئێمباپێوە، بەکارتی سوور بکرێتە دەرەوە.
 
بەپێی ئەوەی میدیاکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، ناوبژیوانی یارییەکە لە راپۆرتی کۆتایی خۆیدا لەبارەی یارییەکەوە نووسیویەتی، کارلۆس رۆمیرۆ، کارتی زەردی دراوەتێ، "بەهۆی خستنی رکابەرەکەیەوە بەشێوەیەکی هەڵەشانە لەکاتی رکابەریکردن لەسەر تۆپ".
 
میدیاکان دەڵێن، "ناوبژیوان پێیوابووە، لەبەرئەوەی رۆمیرۆ هەوڵیداوە تۆپ وەربگرێتەوە، گرتەکە شایستەی کارتی سوور نەبووە، هەربۆیە تەنیا کارتی زەردی بەیاریزانەکە داوە".
 
لەبارەی هەڵوێستی ژووری ڤارەوە، لەکاتی رووداوەکە، میدیاکان دەڵێن، "لەژووری ڤاردا، رێز لە بۆچوونی ناوبژیوان گیراوە لەبارەی تووندوتیژیی گرتەکەوە، بەڵام بەپێی یاساکان، بابەتەکە پشت بەلێکدانەوەی ناوبژیوان دەبەستێت و بۆی هەیە بەزۆر تووند و بۆی هەیە بەئاسایی دایبنێت".
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە