نوێنەرانی ئەستێرەیەکی ریال مەدرید لەگەڵ یانەیەکی پرێمەرلیگ کۆبوونەتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن نیوکاسڵ یونایتد ریال مەدرید براهیم دیاز
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکانی ئینگلتەرا ئاشکرایانکردووە، نوێنەرانی ئەستێرەیەکی یانەی ریال مەدرید، لەگەڵ یانەی نیوکاسڵی ئینگلیزی کۆبوونەتەوە بۆ گواستنەوەی ئەو یاریزانە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، براهیم دیاز، پاش گەڕانەوەی لە جامی نەتەوەکانی ئەفریقا، گوشارێکی زۆر دەکات بۆ باشترکردنی دۆخی خۆی لە ریال مەدرید، یان چوونە دەرەوە لەو یانەیە، پاشئەو ئاستە بەرزەی لە پاڵەوانێتییەکەدا پێشکەشی کرد.
 
دیاز لە چوونە دەرەوە لە ریال مەدرید نزیکە، لەبەرئەوەی زیادبوونی خولەکەکانی یارییکردنی لە سایەی بوونی رۆدریگۆ و ماستانتونۆ و دۆخی ناسەقامگیری ریال مەدرید، هۆکارن بۆ پێنەدانی هەلی زیاتری یارییکردن و مانەوەی زۆر لەسەر کورسیی یەدەگ.
 
ماڵپەری 'کاوتئۆفساید'ی ئینگلیزی ئاشکرایکردووە، نوێنەرانی ئەو یاریزانە لە چەند بژاردەیەک دەکۆڵنەوە، لەگەڵ زیادبوونی بایەخ پێدانی یانەکانی پرێمەرلیگ بەتواناکانی ئەو یاریزانە، لە نێویاندا نیوکاسڵ، تۆتێنهام و ئاستۆن ڤێلا، لە کاتێکدا یانەی کۆمۆی ئیتاڵیش هەمان سەرنجی لەسەر یاریزانە هەیە.
 
پێدەچێت پرێمەرلیگ لای نوێنەرەکانی دیاز دڵخوازتر بێت، بەهۆی بوونی هەلی زیاتری یارییکردن و روونی لە شوێنی جێگیری یارییکردن.
 
دیاز لە ریال مەدرید کێشەیەکی گەورەی لەگەڵ شوێنی یارییکردنیدا هەیە، چونکە راهێنەرانی رابردووی ئەو یانەیە، یاریزانەکەیان لە چەندین شوێنی جیاوازی یاریگەدا تاقیکردووەتەوە، لە هێرشبەری باڵی راست، تاوەکو ناوەڕاستکارێکی ئاسایی، یان ناوەڕاستکاری ژمارە 10.
 
ریال مەدرید لای خۆیەوە، وەک ماڵپەرەکە دەڵێ، ئومێدی بەبەدەستهێنان و رکابەری لەسەر نازناوەکانی ئەمساڵ و بەتایبەت لالیگا هەیە، هەربۆیە نایەوێت دەستبەرداری هیچ یاریزانێکی ببێت تاوەکو هاوینی داهاتوو، بەڵام ئەوکات دەکرێ لەچوارچێوەی پێداچوونەوە بە پێکهاتەکەی، رۆیشتنی دیاز بەرامبەر 60 ملیۆن یۆرۆ قبووڵ بکات.
 
بەپێی ئەو سەرچاوەیە، نوێنەرانی نیوکاسڵ لە نزیکەوە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانی دیاز کۆبوونەتەوە و بیرۆکەی گواستنەوەکەیان خستووەتە روو و هەردوولاش لێکتێگەیشتنی باشیان لەنێواندا هەبوو.
 
ئێدی هاو، لای خۆیەوە گرێبەستکردنی یانەکەی لەگەڵ دیاز پەسند دەکات، بەتایبەت کە پێیوایە ئەو یاریزانە دەتوانێت لە چەندین شوێنی جیاوازی هێڵی پێشەوەی تیپەکەدا خزمەت بکات و توانایەکی بێسنووری هەیە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە