سێ تیپی بارسێلۆنا، خەون بەسیانەی مێژووییەوە دەبینن

03-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا لالیگا چامپیۆنزلیگ
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی وەرزێکی نایاب لەسەرئاستی سەرجەم تیپەکانی بەسەردەبات و نزیکە لەوەی مێژوویەکی یەکجار دەگمەن و ناوازە تۆمار بکات.
 
ئەگەرچی زۆرینەی سەرنجەکان لەسەر تیپی یەکەمی بارسێلۆنان و نزیکە لەوەی سیانەیەکی مێژوویی لە وەرزی ئەمساڵدا بەدەست بهێنێت، بەڵام تیپەکانی دیکەی یانەکە لەسەر هەمان رێچکەن و نزیکن لەوەی مێژوویەکی گەورە تۆمار بکەن.
 
تیپی خوار 19 ساڵانی یانەکە، نازناوی خولی لالیگا و جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێناوە، هەروەها تیپەکە نازناوی چامپیۆنزلیگیشی بردووەتەوە و سیانەی مێژوویی بەدەستهێناوە.
 
تیپەکە ژمارەیەک یاریزانی لاوی دەرچووی ئەکادیمیای لاماسیا لەخۆدەگرێت. سیانەیەکی مێژوویی بەدەستهێناوە و میدیاکان دەڵێن ئەو تیپە، چەندین یاریزانی دیکەی لاوی هاوشێوەی لامین یامال و پێدری و گابی و فیرمێن لۆپێزی تێدا دەردەکەوێت.
 
لەسەر ئاستی خانمانیش، تیپی خانمانی بارسێلۆنا نزیکە لەوەی ببێتە پاڵەوانی لالیگا و ئێستا پێشەنگە، تیپەکە هەروەها گەیشتووەتە یاریی کۆتایی جامی شاژنی ئیسپانیا، لە کاتێکدا لە چامپیۆنزلیگ بۆ یاریی کۆتایی پاڵەوانێتییەکە سەرکەوتووە و رۆژی 24ی ئەم مانگە، رووبەڕووی خانمانی ئارسیناڵ دەبێتەوە و ئەو تیپەش لەبەردەم هەلی بەدەستهێنانی سیانەی مێژووییدایە.
 
تیپی یەکەمی یانەکەش، لەبەردەم هەمان دەستکەوت و مێژوودایە. هانزی فلیکی راهێنەری یانەکە، لەسەر سێ نازناوی وەرزەکە رکابەریی دەکات. لە کاتێکدا نازناوی جامی شای ئیسپانیای بەدەستهێنا، پاش بردنەوەی لە ریال مەدرید 3 - 2 گۆڵ.
 
تیپەکە بەجیاوازیی چوار خاڵ لە پێش ریال مەدریدی رکابەریەتی لە خولی لالیگا. هەروەها لە چامپیۆنزلیگیش لە یاریی چوونی پێشکۆتایی 3 - 3 لەگەڵ ئینتەرمیلانی ئیتاڵی یەکسانبووە.
 
هەرسێ تیپەکەی بارسا لە یەک وەرزدا، دەتوانن سێ نازناو ببەنەوە و ئەگەر ئەوە رووبدات، رووداوەکە دەبێتە مێژوویەک کە ئەستەمە هیچ یانەیەک توانای دووبارەکردنەوەیانی هەبێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە