ئەو گۆڵپارێزەی خەریکبوو بەهۆی ریال مەدریدەوە واز لە یارییکردن بهێنێت، شالکێی گەیاندەوە بۆندێسلیگا

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
رووداو سپۆرتس
نیشانەکردن بۆندێسلیگا یانەی شالکێ لۆریس کاریۆس
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

لۆریس کاریۆسی گۆڵپارێزی پێشووی لیڤەرپوول، بەبۆنەی گەڕانەوەی یانەی شالکێ بۆ خولی بۆندێسلیگا ئاهەنگی گێڕا. ئەو پاش هەشت ساڵ لە شوێکی کارەساتاویی، مێژوویەکی نوێی بۆخۆی نوسییەوە.
 
ناوی کاریۆس، بەیاریی کۆتایی چامپیۆنزلیگی 2018ەوە بەستراوەتەوە، پاشئەوەی هەڵە کوشندەکانی ئەو گۆڵپارێزە، بوونە هۆکاری سەرکەوتنی ریال مەدرید بەسەر لیڤەرپوولدا بە ئەنجامی سێ گۆڵ بەرامبەر گۆڵێک.
 
کاریۆس کە ئێستا تەمەنی 32 ساڵە، لە یادەوەریی هاندەراندا وەک هۆکاری ئەو شکستە مێژووییەی یانە ئینگلیزییەکە ماوەتەوە، پاشئەوەی لە دوو هەڵەی کوشندەدا، لە رێگەی کەریم بنزیما و گاریس بەیڵەوە دوو گۆڵی لێکرا.
 
گۆڵپارێزە ئەڵمانییەکە، لە دوای ئەو شەوەوە هیچ یارییەکی دیکەی بەدرێسی لیڤەرپوولەوە ئەنجام نەدا، یانەکە لە هاوینی 2022دا بەیەکجاری دەستبەرداری بوو.
 
میدیاکان ئەوکات گوتیان، کاریۆس رووبەڕووی هێرش و گاڵتەپێکردن و سووکایەتی زۆری هاندەرانی لیڤەرپوول بووەتەوە.
 
ئەو بارودۆخە قورسە، لە رووی دەروونییەوە کاریگەریی گەورەی لەسەر ئەو گۆڵپارێزە دروستکرد و وەک هاوژینەکەی ئاشکرایکردووە، نزیکبوو لەوەی بەیەکجاری واز لەیارییکردن بهێنێت.
 
کاریۆس بەرامبەر ئەو دۆخە خراپە و چۆکی دانەدا، لەگەڵ یانەکی شالکێی ئەڵمانیدا، رۆڵی گەورەی گێڕا لە گەڕانەوەی یانەکە بۆ خولی بۆندێسلیگا.
 
کاریۆس پاڵەوانی شەوە مێژووییەکەی سەرکەوتنەوەی شالکێ بوو بۆ بۆندێسلیگا، پاشئەوەی رۆڵی گەورەی هەبوو لە بردنەوەی یاریی تیپەکەی بەرامبەر فۆرتۆنا دوسڵدۆرف بەگۆڵێکی بێبەرامبەر، لە کاتێکدا یانەکە دوو یاریی لە خولەکەدا ماوە.
 
شالکێ ماوەی سێ ساڵ لە خولی پلە دووی ئەڵمانیا مایەوە و لەگەڵ کاریۆسدا گەڕایەوە بۆندێسلیگا.
 
کاریۆس لە 12 یاریی وەرزی ئەمساڵدا کلین شیتی هەبوو، رێژەی سەیڤ و ژمارەی ئەو گۆڵانەی لێیکرا کە تەنیا 24 گۆڵ بوو لە 29 یاریدا، رۆڵی گەورەی هەبوو لە گەڕانەوەی شالکێدا بۆ خولە بەهێزەکەی ئەڵمانیا.
 
لە کاتێکدا کاریۆس لە یاریگەی فیلتینس ئارێنای شاری گێلسنکێرشن لەگەڵ هاوڕێکانی ئاهەنگی دەگێڕا، دیلیتا لیوتای هاوژینی پەسنی خۆگری و لێهاتوویی هاوژینەکەی کرد.
 
لیوتا کە بەهۆی دووگیانییەوە لە یاریگەدا ئامادەنەبوو، باسی لەوە کردووە کە کاریۆس لە دوای شەوە کارەساتاوییەکەی چامپیۆنزلیگەوە، زۆر نزیکبوو لەوەی بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت، بەڵام بەهێزەوە بڕیاری بەردەوامبوونیدا.
 
ئەو نووسیویەتی، "ئەم وەرزشە هەندێکجار بێبەزەییە، تەنانەت بێویژدانە هەندێکجار، ئاشکرات دەکات، تاقیتدەکاتەوە و وات لێدەکات لەبەردەم هەموواندا بکەویت. بەڵام ئەگەر وزەی بەرگەگرتنت هەبێت، هەروەها بڕوات بەخۆی هەبێت، زوو بێت یان درەنگ دەگەڕێیتەوە ئەو شوێنەی کە شایستەیت".
 
هاوژینەکەی کاریۆس دەڵێ، من لە نزیکەوە هێزی ئەوم بینی، لە ساتەکانی بێدەنگیی و دۆخی قورس و ئەو رۆژانەدا کە خۆبەدەستەوەدان تێیاندا ئاسانە.
 
هەروەها دەڵێ، ئەمڕۆ تەنیا سەرکەوتن نییە، بەڵکو هەڵسانەوەیە، خۆشەویستییە بۆ ئەوەی دەیکەیت، ئەمە ئازایەتییە و شانازیت پێوە دەکەم.
 
پێشبینیکراوە وەک رێز بۆ کاریگەریی ئەو لەسەر گەڕانەوەی تیپەکە بۆ شالکێ، کاریۆس وەرزی داهاتوو لەگەڵ شالکێ بێت لە بۆندێسلیگا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە