گورزێکی کوشندە بەر کلاسیکۆ کەوت

3 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەلیکساندەر ئیساک کلاسیکۆی ئینگلتەرا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ  

 

ئەستێرەیەکی لیڤەرپوول پێش کلاسیکۆی ئینگلتەرا تووشی پێکان بوو، کە بەدڵنیاییەوە گورزێکی کوشندەیە بەر رێدز و خودی کلاسیکۆش دەکەوێت. 
 
یانەی لیڤەرپوول پێش رووبەڕووبوونەوە چاوەڕوانکراوەکەی بەرامبەر مانچێستەر یونایتد لە یاریگای  ئۆڵد ترافۆرد ، کە بڕیارە ئەمڕۆ یەکشەممە لە چوارچێوەی گەڕی 35ـی خولی نایابی ئینگلتەرا بەڕێوەبچێت، گورزێکی کوشندەی بەرکەوت.
 
بەگوێرەی رۆژنامەی دەیلی مەیلی بەریتانی، ئەلێکساندەر ئیساک، ئەو هێرشبەرەی کە بە گرێبەستێکی 130 ملیۆن پاوەندی پەیوەندی بە تیپەکەوە کردووە، دوێنێ شەممە لە کاتی مەشق و راهێنانەکانی رێدزدا تووشی پێکان بووە.
 
ئاماژە بەوە کراوە کە پێکانەکەی ئیساک شۆکێکی گەورەیە بۆ ئارنێ سلۆتی راهێنەر، کە پێشتر لە تواناکانی محەممەد سەڵاح و هۆگۆ ئیکیتیکی بێبەش بووە بۆ رووبەڕووبوونەوەی شەیتانە سوورەکان.
 
پێکانەکەی ئیساک لە ماسوولکەکانی راندایە، ئەمەش پاشەکشەیەکی دیکەیە لە یەکەم وەررزیدا کە وەک دێوەزمەیەک ناودەبرێت لەگەڵ هەڵگری نازناوی خولی نایابی ئینگلتەرا.
 
بڕیارە یاریزانەکە پشکنینی پزیشکی نوێی بۆ بکرێت بۆ هەڵسەنگاندنی قەبارەی مەترسی پێکانەکە و قەبارەی کێشەکە.
 
ئیساک تەنیا مانگی رابردوو گەڕابووەوە ناو ریزەکانی تیپەکە دوای ئەوەی لە مانگی کانوونی یەکەمدا تووشی شکانی قاچ بووبوو، هەروەها لە سەرەتای وەرزیشدا بەدەست کێشەی جەستەییەوە دەیناڵاند، کە هۆکاری سەرەکییەکەی دەگەڕایەوە بۆ ئامادەنەبوونی لە قۆناخی ئامادەکاری وەرز بەهۆی سووربوونی لەسەر تەواوکردنی گرێبەستە پێوانەییەکەی و گواستنەوەی لە نیوکاسڵەوە.
 
ئەم یاریزانە تەمەن 26 ساڵە تەنیا لە 13 یاری بەشێوەی سەرەکی لەگەڵ لیڤەرپوول لە خولی نایابی ئینگلتەرا بەشداری کردووە و لەو ماوەیەدا سێ گۆڵی تۆمارکردووە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە