رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان نهێنیی نوێیان لەبارەی هۆکاری دوورخستنەوەی ئێریک تێن هاگ لە مەشقدانی یانەی بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانی ئاشکراکردووە.
تێن هاگ دوای تەنیا دوو گەڕ لە خولی بۆندێسلیگای ئەمساڵ، پاشئەوەی تەنیا یەک خاڵی بەدەستهێنا، لە مەشقدانی یانە ئەڵمانییەکە دووخرایەوە.
رۆژنامەی 'ئێکسپرێس'ی بەریتانی دەڵێ، تێن هاگی 55 ساڵ، شۆک بووە کاتێک هەواڵی دوورخستنەوەی لە یانەکە دراوەتێ، هەربۆیەش بەتووندی لە بڵاوکراوەیەکدا وەڵامی یانەکەی دایەوە.
رۆژنامەکە هەروەها دەڵێ، هۆکاری سەرەکی لە دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە ئەنجامە خراپەکانی سەرەتای وەرز نەبووە، بەڵکو هەوڵدانی ئەو بووە بۆ دەستوەردان لە ستراتیژی گرێبەستکردنی یانەکە لەگەڵ یاریزانان.
رۆژنامەکە زیاتر دەڵێ، تێن هاگ گوشاری کردووە بۆ ئەوەی یانەکەی گرێبەست لەگەڵ ئەو یاریزانانە بکات، کە کارەکانیان لەلایەن ئاژانسی 'SEG'سەرپەرشتی دەکرێت کە بەشێک لە موڵکایەتی ئاژانسەکە هی ئەو راهێنەرە خۆیەتی.
بەپێی راپۆرتی رۆژنامەکە، پێشتر لە مانچێستەر یونایتد، تێن هاگ هەمان سیستمی پەیڕەوکردووە، هەربۆیە یانەکە گرێبەستی لەگەڵ هەریەکە لە ئاندرێ ئۆنانا، ئانتۆنی و راسمۆس هۆیلۆند کرد کە کارەکانیان لەلایەن ئاژانسەکەی تێن هاگەوە سەرپەرشتی دەکرێن.
ئاژانسی 'SEG' یەکێکە لەو ئاژانسانەی تایبەتمەندی بەڕێوەبردنی کاروباری یاریزانانە و تێن هاگ پشکی گەورەی لەو ئاژانسە هەیە.
لەماوەی کارکردنی لە مانچێستەر یونایتد، تێن هاگ سووربوو لەسەر گرێبەستکردنی یانەکە هەریەکە لە ئۆنانا، هۆیلاند و ئانتۆنی.
رۆژنامەکە ئەوەشی دووپاتکردووەتەوە کە دەستتێوەردانی تێن هاگ لە هێنانی یاریزانان تاکە هۆکاری دوورخستنەوەی راهێنەرەکە نەبوو، بەڵکو شێوازی سەیری کارکردنی ئەو راهێنەرە لە یانەکە کە بووەتە هۆکاری نیگەرانیی یاریزانەکان و شکستهێنانی لە گەیاندنی بیرۆکەکانی بە یاریزانەکان، هۆکاری دیکەبوون لە پەلە دوورخستنەوەی ئەو راهێنەرە لە مەشقدانی بایرلیڤەرکوزن.
یانەی بایرلیڤەرکوزن، لە دوای دوورخستنەوەی تێن هاگەوە، تاوەکو ئێستا راهێنەری نوێی بۆ یانەکە دەستنیشان نەکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ