رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوە رۆژنامەوانییەکانی ئیسپانیا ئاشکرایانکردووە، یانەی بێنفیکا بەهەنگاوێک دەیەوێت ریال مەدرید دووچاری شۆک بکات و ئومێدی ئەو یانەیە، بەگەڕانەوەی جۆزێ مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی یانەکە، کۆتایی پێبهێنێت.
رۆژنامەی 'ئەی ئێس'ی ئیسپانی رایگەیاندووە، یانەی بێنفیکا بۆ رێگرتن لە گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی یانەی ریال مەدرید، بڕیاریداوە کۆبوونەوەیەکی بەپەلە لەگەڵ ئەو راهێنەرەدا بکات و دەستەوارەی نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی پێشکەش بکات.
هەواڵی رۆژنامە ئیسپانییەکە لە کاتێکدایە کە ماوەی چەند هەفتەیەک هەواڵی زۆر و جیاواز، لەبارەی ویستی ریال مەدرید بۆ گەڕانەوەی مۆرینیۆ بۆ مەشقدانی یانەکە، لە ئارادان.
مۆرینیۆ بەر لە 13 ساڵ راهێنەرایەتی ریال مەدریدی بەجێهێشت، پاش بەسەربردنی سێ ساڵ لە یانەکە و بونیادنانەوەی تیپێک کە توانای رکابەری لەسەر نازناوەکان هەبێت.
رۆژنامەکە دەڵێ، لەسەرەتای دەستنیشانکردنی مۆرینیۆ بە راهێنەری بێنفیکا، کارەکە وەک گرەوێکی قورس وابوو بۆ رۆی کۆستای سەرۆکی یانە پۆرتوگالییەکە.
گرێبەستی مۆرینیۆ لەگەڵ یانەکە کە بۆ ماوەی دوو ساڵە، خاڵێكی تێدایە کە رێگە بە رۆیشتنی سپێشەڵ وەن دەدات لە ماوەی 10 رۆژ لە دوای دوایین یاریی تیپەکە لە خولی پۆرتوگال، بەرامبەر بە پارەیەکی کەم بۆ هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی راهێنەرەکە، لەگەڵ یانەکەیدا.
ئەو خاڵە، وەک بۆشاییەک لەبەردەم ویستی ریال مەدرید بۆ بەدەستهێنانی مۆرینیۆ دادەنرێت، هەر ئەوەش وایکردووە کارگێڕیی بێنفیکا بەخێرایی جووڵە بکات، بۆ نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی کە خۆبەخۆ دەبێتە هۆکاری زیادکردنی مەرجی سزایی هەڵوەشاندنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پۆرتوگالییەکە.
سەرچاوەکان دەڵێن، هەنگاوەکەی بێنفیکا، بۆ ناچارکردنی ریال مەدریدە بە بڕیاریدانێکی روون لەبارەی بایەخدانی ئەو راهێنەرە پۆرتوگالییە، لە کاتێکدا مۆرینیۆ خۆی بێدەنگیی هەڵبژاردووە و یەکلای ناکاتەوە، لە یانەکە دەڕوات یان دەمێنێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ