رووداو دیجیتاڵ
یانەی ریال مەدرید لە گەشتی بۆ هەرێمی کەتەلۆنیا، بردنەوەیەکی گرنگی بەسەر یانەی ئیسپانیۆلدا تۆمارکرد و بە دوو گۆڵی بێوەڵام شکستی پێهێنا، بەمەش ململانێی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگای بۆ ماوەیەکی دیکە درێژکردەوە.
ئەستێرەی یەکەمی یارییەکە ڤینیسیۆس جونیۆری بەرازیلی بوو، کە توانی هەردوو گۆڵی سەرکەوتن لە گێمی دووەمدا تۆمار بکات. ڤینی لە خولەکی 55دا تۆڕی خاوەن ماڵی هەژاند، پاشان لە خولەکی 66دا و دوای ئەسیستێکی نموونەیی لەلایەن جود بێلینگهامەوە، گۆڵی دووەم و دڵنیایی بۆ ریال مەدرید تۆمارکرد.
گێمی یەکەمی یارییەکە هاوسەنگ بوو و هەردوو لا چەند هەوڵێکیان دا، بەڵام ساتێکی پڕ لە مشتومڕی بەخۆوە بینی کاتێک ناوبژیوان کارتی سووری بۆ یاریزانێکی ئیسپانیۆل بەرزکردەوە، بەڵام دوای گەڕانەوە بۆ تەکنەلۆژیای ڤار بڕیارەکە هەڵوەشایەوە.
لەگەڵ دەستپێکی گێمی دووەم، کوڕانی ئەلڤارۆ ئەربێلوا کۆنترۆڵی یاریگایان گرتە دەست و کارامەیی خۆیان لە هێرشبەریدا پێشاندا. سەرەڕای چەند هەوڵێکی ئیسپانیۆل بۆ گەڕانەوە، بەڵام گۆڵپارێزی مەدرید رێگەی نەدا تۆڕەکەی بهەژێنرێت.
یارییەکە بۆ ریال مەدرید بێ زیان نەبوو، چونکە فێرلاند مێندی بەرگریکار بەهۆی پێکانەوە بە ناچاری یاریگای جێهێشت. لە بەرامبەردا، ئیسپانیۆل بەردەوامە لە
ئەنجامە خراپەکانی و لە ساڵی 2026دا تاوەکو ئێستا هیچ بردنەوەیەکی تۆمار نەکردووە، ئەمەش مەترسی دابەزینی بۆ خولی پلەدوو زیاتر کردووە.
بەم سێ خاڵە، ریال مەدرید گوشارەکانی لەسەر لووتکەی ریزبەندی بەردەوام کرد، هەرچەندە بارسێلۆنا زۆر نزیکە لە یەکلاکردنەوەی نازناوەکە، بەتایبەت کە یاری کلاسیکۆی یەکلاکەرەوە لە هەفتەی داهاتوودا چاوەڕێی هەردوو جەمسەرەکەی ئیسپانیا دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ