رووداو دیجیتال
هەڵبژاردەی ئێران پێویستە ئەمڕۆ لە هۆنگ کۆنگ بباتەوە بۆ ئەوەی پارێزگاری لە هیواکانی بکات بۆ گەیشتن بە مۆندیالی 2022ـی قەتەر، کە دراگان سکۆچیچی راهێنەری ئەو هەڵبژاردەیە زۆر متمانەی بە عەلیڕەزا بەیرانوەندی گۆڵپارێزی کوردە بۆ بەرگریکردن لە گۆڵەکەی.
ئەمڕۆ یارییەکانی گەڕی 7ـی پاڵاوتنەکانی کیشوەری ئاسیا بۆ مۆندیالی 2022 بەڕێوەدەچن، کە یاریی ئێران و هۆنگ کۆنگ لە کۆمەڵەی سێیەم دیارترینیانە، بەو پێیەی ئێران لە دوای 4 یاریی لە دۆخێکی خراپدایە، تەنیا 6 خاڵی کۆکردووەتەوە، پلەی سێیەمی ریزبەندیی کۆمەڵەکەی گرتووە و 5 خاڵ لەدوای عێراقی پێشەنگی کۆمەڵەکەیە.

هەڵبژاردەی ئێران ئەمڕۆ کاژێر 17:30 بە کاتی باشووری کوردستان، لەسەر یاریگەی مەحرەق لە بەحرەین بەرامبەر هۆنگ کۆنگی چوارەمی کۆمەڵەکە یاری دەکات، کە ئەویش خاوەنی 5 خاڵە و دەکرێت رکابەرێکی زەحمەت بێت بۆ ئێرانییەکان.
هەڵبژاردەی ئێران کە لەگەڵ مارک ویلمۆتسی راهێنەری بەلجیکی تەنیا 6 خاڵی کۆکردووەتەوە، ئێستا لەگەڵ دراگان سکۆچیچی راهێنەری کرواتی دەیەوێت قەرەبووی ئەنجامە خراپەکانی پێشووی بکاتەوە و هەلی سەرکەوتن لە کۆمەڵەکەیان بهێڵنەوە.
دراگان پلانی ئەوەی هەیە لەم یارییەدا بە شێوازی 2 - 4 - 4 یاری بکات، چونکە نایەوێت سەرکێشی بکات، دەیەوێت بە بەرگرییەکی باش رێگە لە هەر گۆڵێکی چاوەڕواننەکراوی هۆنگ کۆنگ بگرێت، کە بێگومان عەلیڕەزا بەیرانوەندی گۆڵپارێزی کورد لەدوای 4 بەرگریکارەوە پاسەوانێکی باشی گۆڵی ئێرانییەکان دەبێت و دراگان زۆر متمانەی بە تواناکانی هەیە.
سکۆچیچ کە هەمیشە بایەخێکی زۆر بە هێڵی بەرگری دەدات، لەپێش بەیرانوەنددا هەردوو دڵی بەرگری، خالیلزاد و محەمەد حوسێن دادەنێت.
لەوانەیە ئەو خۆپارێزییەی سکۆچیچ لەم یارییەدا بۆ ئەوە بگەڕێتەوە کە باش دەزانێت لەدەستدانی خاڵەکانی ئەم یارییە واتا بێئومێدبوون لە گەیشتن بە مۆندیال، بۆیە دەیەوێت بە هەر شێوەیەک و هەر رێگەیەک بێت ئەم یارییە بباتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ