رووداو دیجیتاڵ
یانەی نەسڕی سعودی، دەیەوێت هەموو رێگاکانی رۆیشتن لەبەردەم کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرە و کاپتنی یانەکەدا دابخات و ئامادەیە هەموو مەرجەکانی دۆن جێبەجێ بکات.
بەپێی دوایین گۆڕانکارییەکانی تایبەت بە داهاتووی کریستیانۆ رۆناڵدۆ، یانەی نەسڕی سعودی ئامادەکاری دەکات بۆ ئەوەی گۆڕانکاریی گەورە لە تیپەکەیدا بکات و بەڵێنێکی گەورەی بە کریستیانۆ رۆناڵدۆ داوە، بۆ ئەوەی بۆ وەرزی داهاتوو، تیپێکی بەهێز و رکابەر دروستبکەن بۆ رکابەریکردن لەسەر بردنەوەی نازناوی خولی سعودی و نازناوەکانی دیکە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، کریستیانۆ رۆناڵدۆ لە یانەی نەسڕ دەمێنێتەوە، بە مەرجی ئەوەی گەرەنتیی ئەوەی پێبدرێت کە تیپێکی بەهێز و رکابەر بۆ وەرزی داهاتوو دروستبکەن، لەو چوارچێوەیەشدا ئەگەری هەیە یانەکە گۆڕانکاری لە پۆستی بەڕێوەبەری وەرزشیی یانەکەشدا بکات و بەڕێوەبەرێکی نوێ لە پێناو بەهێزکردنی زیاتری یانەکەی دابنێت.
لە ماوەی دوو هەفتەی رابردوودا، دەنگۆی زۆر لەبارەی داهاتووی رۆناڵدۆ لەگەڵ یانەی نەسڕ بڵاوکرانەوە، بەتایبەت کە لەم وەرزەدا یانەکە هیچ دەستکەوتێکی نەبوو و نەگەیشتنە خولی یانە پاڵەوانەکانی بژاردەی ئاسیاش، جگە لەوەش گرێبەستەکەی دۆن لەگەڵ یانەکە بەرەو کۆتایی دەچێت.
میدیای سعودی دەڵێت "رۆناڵدۆ داوای پێکهاتەیەکی بەهێز و گەرەنتی بۆ رکابەریکردن لەسەر نازناوەکان دەکات، بۆ ئەوەی بیر لە داهاتووی خۆی لەگەڵ ئەو یانەیە بکاتەوە."
ئەمە لە کاتێکدایە لە ماوەی چەند رۆژی رابردوودا دەنگۆی چوونی رۆناڵدۆ بۆ یانەی هیلال بڵاوکرایەوە، بۆ ئەوەی لەگەڵ یانەکە بەشداری لە مۆندیالی یانەکاندا بکات، بەڵام مەرجی یانەی هیلال ئەوەبوو یاریزانەکە بەشێوەی هەمیشەیی پەیوەندی بە یانەکەوە بکات نەک تەنیا بۆ ماوەی بەڕێوەچوونی مۆندیال.
سەرچاوەکانی نزیک لە یانەی نەسڕ دەڵێن، کارگێڕیی یانەکە لاریی نییە لەوەی دەستبەرداری ئۆتاڤیۆش ببێت، بۆ ئەوەی یاریزانی نوێ و باشتر بگوازێتەوە.
چاوەڕواندەکرێت لە گواستنەوەی ئەم هاوینەدا، یانەی نەسڕ، بەرگریکارێک بۆ دڵی بەرگری، یاریزانێکی هێڵی ناوەڕاست و باڵێکی چەپ بگوازێتەوە.
هەوڵەکانی یانەی نەسڕ بۆ هێشتنەوەی رۆناڵدۆ و رازیکردنی بۆ مانەوە لە یانەکە لەکاتێکدایە، یاریزانەکە لەم وەرزەی خولی سعودیدا بە 25 گۆڵ بووەتە گۆڵکاری خولی سعودی و گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی لە کۆتایی ئەم مانگەدا کۆتاییدێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ