رووداو دیجیتاڵ
ماوریسیۆ پۆچێتینیۆ، راهێنەری پێشووی یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی ئاشکرایکردووە، هاوینی 2021 ریال مەدرید ئامادەبوو پارەیەکی زۆر بدات بۆ بەدەستهێنانی تواناکانی کیلیان ئێمباپێ، بەڵام پاریس سانجێرمان گەورەترین دەستەوارەی رەتکردەوە.
پۆچێتینیۆ تەنیا وەرزێک و نیو لە یانەی پاریس سانجێرمان راهێنەربوو، بەڵام لەو ماوە کەمەدا، گەرمەی گێژاوی هەوڵەکانی ریال مەدریدی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ کیلیان ئێمباپێ بینی.
راهێنەر ئەرجەنتینییەکە دەڵێ، هاوینی ئەو ساڵە، ریال مەدرید هەموو هەوڵەکانی لەپێناو گرێبەستکردن لەگەڵ ئێمباپێ رەتکردەوە، بەڵام سانجێرمان بەپشتگیریی خلێفی و میری قەتەر، خۆی بەدەستەوەنەدا و هەموو دەستەوارەکانی ئەو یانەیەی رەتکردەوە. لەکاتێکدا دەیزانی دەکرێ ساڵی دواتر ناچاربێت بێبەرامبەر دەست لەو یاریزانە هەڵبگرێت.
ماوریسیۆ ئێستا راهێنەری هەڵبژاردەی ئەمریکایە، خۆی بۆ مۆندیالی داهاتوو ئامادە دەکات کە وڵاتەکە میوانداریی بەشێک لە یارییەکانی دەکات.
ئەو راهێنەرە ئەرجەنتینییە دەڵێ، "پاریس سانجێرمان یەکێکە لە بەهێزترین یانەکانی جیهان. ئێستاش من پەیوەندی باشم لەگەڵ ناسڕ و ئەمیردا هەیە. کەس ناتوانێ بیانترسێنێت. ئەو کاتەی من لە یانەکە بووم، دۆخێکی قورس بوو بۆ کیلیان. ئەو بەردەوام خەونی بەیارییکردن بە ریال مەدریدەوە دەبینی، هەمووان ئەوەمان دەزانی".
زیاتر دەڵێ، "ئەو گەنجێکی پێگەیشتووە، هەندێکجار بۆ بەدیهێنانی خەونەکەت دەبێ ناپاکی لەو بەڵێنانە بکەیت کە بەخۆتت داوە. من وەک راهێنەرێک، هەستمدەکرد ئەو ئەو لاوەیە کە دێتە لات و پرست پێدەکات".
پۆچێتینۆ هەروەها دەڵێ، "نەمدەتوانی دژ بەبەرژەوەندییەکانی خۆم بوەستمەوە، من راهێنەربووم و تەنیا کارمەندێکی یانەکە. بەڵام دەمبینی ئەو یاریزانە کاتێک ناوی ریال مەدرید دەهێنێت، چاوەکانی دەدرەوشێنەوە. کارەکە قورس بوو، هەموو کات هەمان قسەم لەگەڵدا دەکردەوە، لە کۆتاییدا ئەو لە بەدیهێنانی خەونەکەی سەرکەوتوو بوو".
ئێمباپێ لەگەڵ پاریس بەردەوام بوو تاوەکو هاوینی 2024 و لەدوای کۆتایی هاتنی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانە پاریسییەکە، بێبەرامبەر رووی لە ریال مەدرید کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ