کڵۆپ مەرجی زۆر قورسی بۆ ریال مەدرید هەیە

دوێنێ کاژێر 03:49
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یۆرگن کڵۆپ ریال مەدرید
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، ئاشکرایان کردووە کە یۆرگن کڵۆپی راهێنەری ئەڵمانی بەربژێرە بۆ شوێنگرتنەوەی چابی ئەلۆنسۆی راهێنەری یانەی ریال مەدرید، بەڵام ئەو مەرجێکی قورسی بۆ یانەی شاهانە هەیە، کە پێشتریش ریال مەدرید کاتێک ویستوویەتی ئەو راهێنەرە بکاتە راهێنەری تیپەکەی، هەمان مەرجی هەبووە و مێرینگێ رەتیکردووەتەوە.
 
ریال مەدرید رووبەڕووی قۆناخێکی هەستیار بووەتەوە دوای زنجیرەیەک ئەنجامی خراپ کە بووەتە هۆی پاشەکشەی بەرچاوی تیپەکە. دوای سەرەتایەکی ئومێدبەخش لەم وەرزەدا، ئێستا تیپەکە لە دۆخێکی چەقبەستووی مەترسیداردایە، بەتایبەت دوای یەکسانبوونێکی نوێ بەرامبەر جیرۆنا، ئەو تیپەی کە لە ناوچەی دابەزیندایە. 
 
چابی ئەلۆنسۆ، کە ئامانجی ئەوە بوو تیپەکە بخاتەوە سەر رێڕەوی راست، رووبەڕووی ئاڵنگاری گەورە بووەتەوە. تەنیا یەک سەرکەوتن لە پێنج یاری رابردوودا و دابەزینی بەردەوامی ئاستی یاریزانان، گومانەکانی دەربارەی مانەوەی وەک راهێنەر زیاد کردووە.
 
لە ناوەڕاستی ئەم کەشوهەوا پڕ لە گرژییەدا، ناوی یۆرگن کڵۆپ جارێکی دیکە دێتەوە بەرباس. هەرچەندە پێشتر پاڵێوراو بوو بۆ شوێنگرتنەوەی کارلۆ ئەنچێلۆتی، بەڵام ئەمڕۆ کڵۆپ لە هەموو کاتێک نزیکتر دەردەکەوێت بۆ وەرگرتنی پۆستی راهێنەرای ریال مەدرید، سەرەڕای ئەوەی ئاڵنگارییەکانی واژۆکردنی گرێبەستەکەی مەحاڵ دەردەکەون.
 
داواکاریی کڵۆپ.. گۆڕانکاری بنەڕەتی لە ریال مەدرید
 
بەگوێرەی ئەو سەرچاوانە، یۆرگن کڵۆپ بەڕوونی مەرجەکانی بۆ وەرگرتنی راهێنەرایەتی تیپەکە خستووەتەڕوو. یەکەم، خاوەنی دەسەڵاتی رەها بێت لە بڕیارە وەرزشی و کارگێڕییەکاندا، شتێک کە پێشتر فلۆرێنتینۆ پێرێز ئامادە نەبوو ە پێڕازیبێت. بەڵام بەهۆی پاشەکشەی ئەنجامەکان لەژێر سەرپەرشتی چابی ئەلۆنسۆدا لەوانەیە ئێستا ئەم داواکارییانە زۆر بەپەلە و پێویست بن.
 
داواکاریی یاریزانان.. گرێبەستی یەکلاکەرەوە و ۆیشتنی هەندێک یاریزان
 
کڵۆپ پێیوایە  ریال مەدرید پێویستی بە داڕشتنەوەی بنەڕەتی هەیە، نەک تەنیا دەستکارییەکی بچووک. لەسەرووی هەموو داواکارییەکانیشەوە، داوای گرێبەستکردنی لەگەڵ دوو یاریزان کردووە؛ دروستکەرێکی یاری 'پلەی مەیکەر' لە ئاستێکی بەرز کە توانای سەرکردایەتی تیپەکەی هەبێت، لەگەڵ هێرشبەرێکی سەرەڕم 'ژمارە9'. ئەو پێیوایە ئێمباپێ دەتوانێت زیاتر دەربکەوێت ئەگەر لە رۆڵی هێرشبەری ناوەڕاست ئازاد بکرێت، ئەمەش رێگەی پێدەدات لە باڵەکاندا یاری بکات.
 
بەڵام داواکارییەکانی کڵۆپ لێرەدا ناوەستن. چوار یاریزانیشی دەستنیشان کردووە کە دەبێت یانەکە جێبهێڵن ئەگەر ئەرکەکە وەربگرێت. ئەوانیش بریتین لە: دەیڤد ئالابا، دانی سیبایۆس، ئیبراهیم دیاز و ئێندریک. بەپێی شیکردنەوەکانی کڵۆپ، ئەو یاریزانانە لە پلانەکانی داهاتووی ئەودانین. هەرچەندە چابی ئەلۆنسۆ داوای رۆیشتنی ئەوانی نەکردووە، بەڵام راهێنەرە ئەڵمانییەکە بابەتەکەی بەڕوونی یەکلاکردووەتەوە.
 
دەسەڵاتی رەها.. مەرجەکەی کڵۆپ لەوانەیە هەموو شتێک بگۆڕێت
 
یۆرگن کڵۆپ تەنیا بەمەرجەکانی خۆی رازی دەبێت راهێنەرایەتی ریال مەدرید بکات. ئەو دەیەوێت دەسەڵاتی رەهای هەبێت لە بڕیارەکانی کڕین و فرۆشتن، جگە لە کاریگەری تەواو لەسەر پێکهاتەی تیپەکە و شێوازی یاریکردن. ئەم مەرجە، کە هۆکاری سەرەکی بوو بۆ ئەوەی پێرێز پێشتر گرێبەستی لەگەڵ نەکات، لەوانەیە ئێستا زیاتر جێگای قبووڵکردن بێت لە سایەی ئەو ئەنجامە نائومێدکەرانەی کە تیپەکە لەژێر سەرپەرشتی ئەلۆنسۆدا بەدەستی دەهێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە