پێدری داوا لە هاوڕێکەی دەکات دەستبەجێ کامپ نۆ جێبهێڵێت!

دوێنێ کاژێر 02:21
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێدری بێرناڵ نیکی بێلا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێدری، ئەستێرەی بارسێلۆنا روون و رەوان بە هاوڕێیەکی گوتووە "تاوەکو زووە بۆخۆت لە بارسێلۆنا بڕۆ".
 
بارسێلۆنا لەم وەرزەدا بە قۆناخێکی هەستیاردا تێدەپەڕێت، نەک تەنیا لەسەر ئاستی کێبڕکێکان، بەڵکو لەناو ژووری جلگۆڕینیشدا، بەشێوەیەک هەندێک هەڵوێست سەرنجی کارگێڕیی و هاندەرانی بەلای خۆیدا راکێشاوە. لەکاتێکدا تیپەکە هەوڵ دەدات سەقامگیریی هونەری خۆی بەدەستبهێنێتەوە، یەکێک لە سوپرایزەکان لە خودی یاریزانەکانەوە سەرچاوەی گرتووە، دوای دەرکەوتنی ئاماژەیەکی چاوەڕواننەکراو سەبارەت بە داهاتووی یەکێک لە ناوە گەنجەکانی یانەکە.
 
لە کاتێکدا کارگێڕیی کار بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی پێکانەکان لە هێڵی ناوەڕاست دەکات، قسە و باسێک سەریهەڵداوە کە مشتومڕێکی زۆری دروستکردووە، چونکە ئاماژەکان بەرەو بوونی ناکۆکی هونەری دەڕۆن سەبارەت بە بەشداریکردنی یەکێک لە بەهرەمەندە تازە دەرکەوتووەکان، سەرەڕای ئامادەیی جەستەیی و گەڕانەوەی وردە وردەی بۆ یاریگەکان.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاشکرایان کردووە کە پێدری ئامۆژگارییەکی راستەوخۆی پێشکێشی مارک بێرناڵی هاوڕێی کردووە، دوای ئەوەی تێبینی کەمبوونەوەی رۆڵی کردووە لە پلانەکانی هانزی فلیکی راهێنەردا، سەرەڕای چاکبوونەوەی لەو پێکانە مەترسیدارەی کە بۆ ماوەیەکی زۆر دووریخستەوە.
 
بێرناڵ، کە نزیکەی دوو مانگ لەمەوبەر گەڕایەوە بۆ یاریکردن، تەنیا 32 خولەک لە 5 یاریدا دەرفەتی پێدراوە، ئەمەش وایکردووە بەشێوەیەکی نیمچە تەواو لە پلانەکانی فلیک دووربکەوێتەوە، تەنانەت لەسایەی ئەو قەیرانی پێکانی یاریزانانەش کە هێڵی ناوەڕاست پیایدا تێپەڕی.
 
بەپێی سەرچاوەکان، پێدری پێیوایە بێرناڵ لەم وەرزەدا دەرفەتێکی راستەقینەی پێنادرێت، بۆیە بەڕوونی ئامۆژگاری کردووە کە لە زستاندا بەدوای یانەیەکدا بگەڕێت و بەخواستن بچێتە ریزەکانی بۆ ئەوەی خولەکی یاریکردنی بەردەوامی بۆ مسۆگەر بکات و یارمەتی بدات بۆ گەشەکردن، لەبری ئەوەی بە بێسوودی لەسەر کورسیی یەدەگی بارسا بمێنێتەوە.
 
ئەو سەرچاوانە دەڵێن پێدری بە بێرناڵ گوتووە"تاوەکو زووە بۆخۆت لە بارسێلۆنا بڕۆ، مانەوەت سوودی بۆ خۆت و بۆ تیپەکەش نابێت".
 
بارسێلۆنا پەلە ناکات
 
سەرەڕای قبوڵکردنی بیرۆکەی رۆیشتنی کاتی لەلایەن بێرناڵەوە، بەڵام هەڵوێستی ناو یانەکە جیاوازە. کارگێڕیی وەرزشیی و دەستەی هونەری نایانەوێت رێگە بە رۆیشتنی یاریزانەکە بدەن، و دەیانەوێت چاودێری گەشەسەندنی جەستەیی ئەو بکەن دوای پێکانەکە، بەتایبەتی لەبەر هەستیاریی ئەم جۆرە پێکانانە، هاوشێوەی ئەوەی پێشتر تووشی گاڤی بوو.
 
یاریزانەکە هەست دەکات بەتەواوی ئامادەیە و ئارەزوویەکی بەهێزی هەیە بۆ شەڕکردن لەسەر پێگەکەی، بەڵام دۆخی ئێستا تەنیا مەودایەکی زۆر سنوورداری پێدەبەخشێت، ئەمەش دەیخاتە بەردەم دووڕیانێک پێش ماوەی گواستنەوەی زستانە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە