رووداو دیجیتاڵ
یانەی هەولێر دەیەوێت درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بەبردنەوەیەکی دیکە شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراق بەهێزتر بکات.
لە رکابەرییەکانی گەڕی 10ـی خولەکەدا، ئەمڕۆ ئێوارە، کاژێر 16:00 لە یاریگەی فرانسۆ هەریری، یانەی هەولێر لە یارییەکی لووتکەدا میوانداریی یانەی جەوییە دەکات بۆ رکابەریکردن لەسەر بەدەستهێنانی سێ خاڵی دیکە و تۆمارکردنی بردنەوەیەکی دیکە.
هەولێر بە دۆخێکی نایابدا تێدەپەڕێت، یانەکە پێشەنگی ریزبەندی خولی ئەستێرەکانی عێراقە، هیچ یارییەکی لەم وەرزەدا نەدۆڕاندووە و دەیەوێت سوود لە یاریگە و هاندەرانی وەربگرێت بۆ ئەوەی یەکەم بردنەوە لە ساڵی نوێدا تۆماربکات و شوێنی خۆی لە پێشەنگی ریزبەندی خولەکەدا بەهێزتر بکات.
رۆژی شەممە یانەی هەولێر دوایین مەشقەکانی لەسەر چیمەنی یاریگەی فرانسۆ هەریری ئەنجامدا، سەرجەم یاریزانەکانی تیپەکە ئامادەن و چاویان لەوەیە بەبردنەوەی سێ خاڵی دیکە هاندەرانیان زیاتر دڵخۆشبکەن.
سەرەتا بڕیاربوو ئەم یارییە بۆ هاندەران بێبەرامبەر بێت، بەڵام شەوی شەممە یانەی هەولێر لە راگەیێنراوێکدا رایگەیاند، یارییەکە بە بلیت دەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا چاوەڕواندەکرێت ئەمڕۆ یاریگە بەتەواوی زەرد بپۆشێت بۆ ئەوەی پاڵپشتییەکی بەهێزی تیپەکەی قەڵا و منارە بکرێت.
لەنێو 20 یانەی بەشدار لە خولەکەدا، هەولێر تاکە یانەیە هیچ دۆڕانێکی نییە، پێشەنگ هەر خۆیەتی و گۆڵکاری خولەکەش هەر لە ئیمپراتۆرە، شێرزوود تێمیرۆڤ 9 گۆڵی تۆمارکردووە.
یانەی جەوییە لە دوو یاریی رابردوو نەیبردووەتەوە، لە گەڕی رابردوو لەنێو یاریگە و هاندەرانیدا بەرامبەر یانەی دهۆک دۆڕا، بەر لەوەش لەگەڵ یانەی نەفت یەکسانبوو و لەو دوو یارییەدا تیپەکە هیچ گۆڵێکی نەکردووە.
ئێستا جەوییە لە پلەی پێنجەمی ریزبەندی خولەکەیە بە 17 خاڵ و نایەوێت بە دۆڕاندن بگەڕێتەوە بەغدا، بۆ ئەوەی زیاتر لە رکابەرییەکە دوورنەکەوێتەوە، بەڵام یانەی هەولێر لەسەر لاپەرەی فەرمی خۆی نووسیوویەتی "ئەو قەڵایەی هۆلاکۆی بەزاند، هیچ بازێک بە ئاسانی لەسەری نانیشێتەوە."


کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ