رووداو دیجیتاڵ
هانزی فلیک، راهێنەری یانەی بارسێلۆنا، دوای ماڵئاواییکردنی یانەکەی لە جامی شای ئیسپانیا دەڵێت "هەست بە بێئومێدی دەکەین، بەڵام شانازی بە تیپەکەمەوە دەکەم بۆ ئەو ئاستە بەرز و سەرسوڕهێنەرەی پێشکێشیکرد."
بارسێلۆنا لە یاریی گەڕانەوەی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا بە سێ گۆڵی بێبەرامبەر لە ئاتلێتیکۆ مەدرید بردەوە، بەڵام نەیتوانی بگاتە یاریی کۆتایی و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
هانزی فلیک، لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانی دوای یارییەکە گوتی "بێگومان ئێمە بێئومێدین، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆر شانازی بەو ئاستەوە دەکەین کە پیشانماندا. پێموایە یارییەکی سەرسوڕهێنەرمان ئەنجامدا. هەروەها پێموایە دەرفەتی زۆرمان بۆ تۆمارکردنی گۆڵی زیاتر دروست کرد. لە کۆتاییدا ئەوە رووینەدا، بۆیە دەبێت قبوڵی بکەین. دەبینین چی دەبێت، دوای ئەم دوو شکستە، ئێمە زۆر لەگەڵ تیپەکە قسەمان کرد. هەمووان بە تەواوی بڕوایان بە شێوازی یاریکردنمان هەیە و لە یارییەکەدا دەتوانن هەست بەوە بکەن و ببینن. پێموایە هەمووان نایاب بوون، بەتایبەتی ئەگەر بمەوێت ناوی دوو یاریزان لە هێڵی بەرگریدا بهێنم، بۆ من مارک بێرناڵ، کە دوو گۆڵیشی تۆمارکرد، هەروەها پاو کوبارسی، یارییەکی بڕواپێنەکراوی ئەنجامدا."
لەبارەی چوونە دەرەوەیان لە جامی شای ئیسپانیا و ئەم وەرزە، راهێنەری بارسێلۆنا دەڵێت"رێگەیەکی دوورمان لەپێشە لە لالیگا و هەروەها لە خولی یانە پاڵەوانەکانیشدا. رکابەرێکی گەورەی وەکو نیوکاسڵ یونایتدمان هەیە کە تیپێکی بەهێزە. بۆیە بۆ من، ئێستا گرنگ ئەوەیە بیر لە یاریی داهاتوو بکەینەوە. یاری داهاتوومان بەرامبەر ئەتلەتیک بیلباوە کە ئەوانیش تیپێکی باشن، دەبێت ئێستا بەباشی شیاندنەوە بکەین. ئێمە سێ چوار رۆژ جارێک یاریمان هەیە و ئێستا ئەمە کاری ئێمەیە بۆ هەفتە و مانگەکانی داهاتوو. ئەگەر بمانەوێت لە چامپیۆنزلیگدا بمێنینەوە و یاری زۆر بکەین، دەبێت بەمشێوەیە کار بکەین. پرسەکە پەیوەندی بە چاکبوونەوە و تیشک خستنە سەر کارەکانمانەوە هەیە، ئەمەش ئەو شتەیە کە دەمەوێت لە تیپەکەی ببینم. چونکە ئەو کوالێتییەی لە یارییەکەدا بینیمان ئەنجامی ئەوەیە، بڕواپێنەکراوە و من بە راستی شانازی بە تیپەکەمەوە دەکەم، ئەوە نایابە."
فلیک بە رۆژنامەڤانانی گوت"بەڵێ، بەشێکی یاریزانەکان بەهۆی ماندوویەتییەوە گۆڕانکارییان پێکرا، نازانم، دەبێت چاوەڕێ بکەین بۆ ئەوەی بزانین بە وردی چی روودەدات. بەڵام لە کۆتاییدا ئەوە ئاساییە کە دوای یارییەکە بێئومێد بیت. پێموایە هەمووان شەکەت و ماندوو بوون، چونکە هەموو توانای خۆیان لەناو یاریگەدا بەجێهێشت، ئەمە سەرسوڕهێنەرە، ئەوان زیاتر لە 100%ی توانای خۆیان بەخشی. بە بۆچوونی من هاندەران لەم شێوازی یارییکردنە رازین. بێگومان ئێمەش رەنگە کەمێک بێئومێد بین، بەڵام ئەمە ئاساییە. هەمووان بە هەموو دڵیانەوە یارییان کرد، بینینی ئەمە بۆ ئەم یانەیە دەستکەوتێکی نایابە."
بارسێلۆنا لە یاریی چوونی قۆناخی پێشکۆتایی جامی شای ئیسپانیا، بە 0-4 بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید دۆڕا، لە یاریی گەڕانەوەدا 3-0 سەرکەوتنی بەدەستهێنا، بەڵام نەیتوانی بگاتە یاریی کۆتایی و ماڵئاوایی لە پاڵەوانێتییەکە کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ