رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رایگەیاند، بەشداریکردنی ئێران لە مۆندیالدا بەهۆی هێرشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیلەوە بۆ سەر وڵاتەکەی دیارنییە.
مەهدی تاج، سەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئێران رەتیدەکاتەوە هیچ بڕیارێکی فەرمی لەبارەی بەشدارینەکردنی ئێران لە مۆندیالدا هەبێت، بەڵام ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە هەلی بەشداریکردن زۆر لاوازە، بەتایبەت کە ئەمڕۆ 100 رۆژ ماون مۆندیال دەستپێبکات.
سەرۆکی فیدراسیۆنەکە دووپاتیدەکاتەوە، بڕیاری کۆتایی بەشداریکردن و نەکردن لە مۆندیالدا، لەلایەن بەرپرسانی باڵای وەرزشیی وڵاتەکەوە دەدرێت، بەتایبەت کە هێرشەکان دۆخەکەیان پێچەوانە کردووەتەوە.
بەپێی راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان، زۆر زەحمەتە ئێستا بتوانرێت بڕیاری یەکلاکەرەوە لەو بارەیەوە بدرێت، بەڵام بە دڵنیاییەوە دۆخەکە کاردانەوەی دەبێت، مەهدی تاجیش لەو بارەیەوە نیگەرانیی خۆی راگەیاند و گوتی "لەگەڵ بەرپرسانی وەرزشی وڵاتەکە لە گفتوگۆدا دەبین بۆ یەکلاکردنەوەی پرسەکە و بە دڵنیاییەوە هەنگاوی پێویست دەنرێت."
تاج زیاتر دەڵێت "ئەوەی لێی دڵنیاین ئەوەیە دوای ئەم هێرشانە ناتوانین بە ئومێدەوە چاومان لە مۆندیال بێت."
لە سەرەتای هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران، دەنگۆی زۆر لەبارەی ئەگەری کشانەوەی هەڵبژاردەی ئێران لە مۆندیالی 2026 بڵاوکراونەتەوە، بەڵام تاوەکو ئێستا بەرپرسانی وەرزشیی وڵاتەکە هیچ بڕیارێکی یەکلاکەرەوەیان لەو بارەیەوە نەداوە.
بەپێی یاساکانی فیفا، هەر کاتێک هەڵبژاردەیەک بەهەر هۆکارێک لە مۆندیال بکشێتەوە، هەڵبژاردەیەکی هەمان کیشوەر، بەپێی ریزبەندی فیفا دەچێتە شوێنی و بەهەمان سیستم و خشتەی هەڵبژاردەی پێشوو یاریی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ