لە یاریگاوە بۆ ماڵەوە؛ کاتێک مووشەک جێگەی تۆپی پێ دەگرێتەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن دەوحە خولی قەتەر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەهۆی شەڕ و ئاڵۆزییەکانەوە یارییەکانی بەشێکی زۆری خولە ناوخۆییەکانی وڵاتانی ناوچەکە راگیراون یان دواخراون، یاریزانێکی خولی قەتەری باس لە دۆخەکە دەکات و دەڵێت "هاوشێوەی سەردەمی کۆڕۆنایە."
 
جۆردان ڤێریتۆ، یاریزانێکی فەرەنسی و نێودارە، پێشتر لە یانەکانی نانت، ئاستۆن ڤیلا، رۆما، مارسیلیا، فیۆرێنتینا و لیۆن یارییکردووە و ئێستاش یاریزانی یانەی عەرەبیی قەتەرییە، ئەو باس لەو دۆخە دەکات کە ئێستا بەهۆی مووشەکبارانکردنی قەتەرەوە یارییەکانی خولی وڵاتەکە راگیراون.
 
ڤێریتۆ لەو بارەیەوە دەڵێت "نامەی مۆبایلیان بۆ چووە کە داوا لە خەڵک دەکرێت لە ماڵەوە بمێننەوە، دەنگی خستنەخوارەوەی مووشەکەکان هێندە بەهێزە پەنجەرەکان دەلەرزێنێت و کچە گەورەکەشم پرسیارم لەبارەی ئەم دۆخەوە لێدەکات."
 
یاریزانە فەرەنسییەکە زیاتر گوتی "هەستدەکەین ئێستا هاوشێوەی سەردەمی کۆڕۆنایە، مەشقی بە کۆمەڵ و وەرزشی لە رێگەی ڤیدیۆیەوە ئەنجامدەدەین."
 
جۆردان گوتی "بەرپرسانی خولی قەتەر، لە رێگەی پەیوەندیی ڤیدیۆیەوە هۆکاری راگرتنی خولەکەیان بۆ روونکردووینەتەوە، دوایین مەشقمان رۆژی شەممە بوو، بەڵام ئەویش هەڵوەشایەوە."
 
رۆمان سایس، یاریزانێکی دیکەی خولی قەتەر، ئەو جەزائیرییە و یاریزانی یانەی سەدە، دەڵێت "پێمان راگەیێنراوە کە چەندین مووشەک و درۆن خراونەتە خوارەوە و دانیشتووان بە ئارامی ماونەتەوە، بەڵام هێشتا خێزانەکان لە پاشماوەی مووشەکەکان دەترسێن، بەتایبەت کە قوتابخانە و مۆڵەکان داخراون و سەرجەم چالاکییە وەرزشی و کولتوورییەکانیش راگیراون."
 
یاریزانە جەزائیرییەکە دەڵێت "شەقامەکان بێدەنگترن، بەڵام چۆڵ نین، هاتووچۆ بەردەوامە و هەندێک چێشتخانە بە کراوەیی ماونەتەوە، منداڵان دەتوانن لە باخچەکاندا یاری بکەن و خزمەتگوزارییەکانی گەیاندنیش بەردەستن."
 
ئەم قسانەی جۆردان ڤێریتۆ و رۆمان سایس لەکاتێکدایە، بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیل و ئەمریکا بۆ سەر ئێران و وەڵامدانەوەی ئێران بۆ ئەوان لە رێگەی بۆردوومانکردنی بنکە سەربازییەکانی ئەمریکا لە ناوچەکە شەڕ و ئاڵۆزییەکی گەورە دروستبووە و بەو هۆیەوە قەتەر سەرجەم چالاکییە وەرزشییەکانی بۆ کاتێکی نادیار دواخستووە.


کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە