کارەساتێکی ناوبژیوانی لە یاریی ریال مەدرید و خیتافی روویداوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن ئەنتۆنیۆ رودیگێر
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

کارەساتێکی ناوبژیوانی لە یاریی ریال مەدرید و خیتافی روویداوە و ئەستێرەیەکی ریال مەدرید دوای لێدانێکی دڕندانە لە کارتی سوور رزگاری دەبێت، بەهۆی ئەوەی ناوبژیوانی یارییەکە و ڤاریش چاوپۆشی لێدەکەن.
 
یاریی نێوان ریال مەدرید و خیتافی لە چوارچێوەی رکابەرییەکانی گەڕی26ـی خولی ئیسپانی، دیمەنێکی پڕ لە مشتومڕی بەخۆیەوە بینی کە پاڵەوانەکەی ئەنتۆنیۆ رودیگێری بەرگریکاری یانەی مێرێنگی بوو.
 
رووبەڕووبوونەوەی ریال مەدرید و خیتافی، کە لەسەر یاریگەی سانتیاگۆ بێرنابیۆبەڕێوەچوو،  لەخولەکی 25ـدا  دیمەنێکی ئاگرینی بەخۆیەوە بینی.
 
دیمەنەکە بریتی بوو لەوەی رودیگێر  بەشێوەیەکی روون و بەئەنقەست بە ئەژنۆی کێشای بە دەموچاوی ریکۆی یاریزانی خیتافیدا، ئەمەش وایکرد یاریزانانی تیپی میوان تووڕەبن و داوای کارتی سووری راستەوخۆ بکەن، بەڵام مۆنیز روێزی ناوبژیوان تەنیا بە هەژمارکردنی فاوڵێکی ئاسایی وازیهێنا، ئەم بڕیارەش بووە هۆی تووڕەییەکی زۆری هاندەرانی خیتافی.
 
لای خۆیەوە، ئیتۆراڵدی گۆنزالێسی شارەزای بەنێوبانگی ناوبژیوانی و شرۆڤەکاری رۆژنامەی ئەی ئێسی ئیسپانی، بۆ ساتێکیش دوودڵ نەبوو لە یەکلاکردنەوەی مشتومڕەکە و بەڕاشکاوی گوتی "ئەو دیمەنە بەهەموو پێوەرێک کارتی سوور بوو".
 
ئەو زیاتر روونیکردەوە "بابەتەکە جیاواز دەبوو ئەگەر یاریزانەکە بۆ تۆپەکە بڕۆیشتایە و بەریەککەوتنێکی بەڕێکەوت رووی بدایە، بەڵام لێرەدا بارودۆخەکە تەواو جیاوازە".
 
راشکاوانە گوتیشی "رودیگێر بەئەژنۆی هێرشی بردووە و کێشای بە دەموچاوی بەرامبەرەکەیدا، ئەمە رەفتارێکی تووندوتیژانە و کارێکی شەڕەنگێزانەی روونە. دەبوو تەکنەلۆژیای ڤار  دەستبەجێ دەستوەردان بکات".
 
ئیتۆراڵدی لە درێژەی قسەکانیدا گوتی "سوپرایزە گەورەکە ئەوەیە کە پیزارۆ گۆمێزی ناوبژیوانی ڤار لەو یارییەدا بڕیاریدا دەستوەردان نەکات یان تەنانەت داوا لە ناوبژیوان نەکات بۆ چاوخشاندنەوە بە دیمەنەکەدا".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە