رووداو دیجیتاڵ
عەلی عەدنان، بەرگریکاری عێراقی و ئێستای یانەی وەحدەی سعودی، هۆکاری کێشەکانی لەگەڵ جیانپێرۆ گاسپەرینی، راهێنەری پێشووی ئاتالانتا و رۆیشتنی لەو یانەیە ئاشکرا دەکات.
عەلی عەدنان، لە هەڤپەیڤینێکی نوێدا لەبارەی رۆیشتنی بۆ یانەی ئاتالانتا و کێشەکانی لەگەڵ گاسپەرینی نهێنی نوێ ئاشکرا دەکات و دەڵێت "کاتێک لە یانەی ئودینێزی بووم دوو گۆڵم بەرامبەر ئاتالانتا دروستکرد و تیپەکەمان لە پاڵەوانێتییەکە دوورخستەوە، دوای ئەوە گاسپەرینی داوای گواستنەوەی منی کرد بۆ ئەوەی پەیوەندی بە ئاتالانتاوە بکەم، رۆژی دوای یارییەکە بازاڕی گواستنەوە کۆتاییدەهات، بۆیە راستەوخۆ داوام لە یانەکەم کرد بۆ ئەوەی گریبەستەکە تەواو بکەن، سەرەڕای ئەوەی ئاتالانتا گۆسێنسی هەبوو."
بەرگریکارە عێراقییەکە دەڵێت "لە رۆژێکدا هەموو شتێکمان تەواو کرد، بە ئۆتۆمبێل لە ئودینێزییەوە چوومە بێرگامۆ بۆ پەیوەندیکردن بە ئاتالانتا و 4 کاژێر بە رێگەوەبووم، تەنیا بۆ ئەوەی پێش داخستنی دەرگای گواستنەوە بگەم و گرێبەستەکەم واژۆ بکەم."
عەلی عەدنان باس لە سەرەتای سەرهەڵدانی کێشەکان دەکات و گوتی "لە کاتی بەڕێوەچوونی جامی نەتەوەکانی ئاسیای 2019 داوام لە راهێنەر کرد، رێگەم بدات 3 بۆ 4 رۆژ پێشتر یانەکە بەجێبهێڵم بۆ ئەوەی یارییەکی دۆستانە لەگەڵ هەڵبژاردەی عێراق بکەم بەر لەوەی پاڵەوانێتییەکە دەستپێبکات، راهێنەرەکە رازیبوو و هانیشیدام، هەموو شتێک ئاسایی بوو، تەنانەت دوای ئەوەی بەرامبەر ڤێتنام گۆڵێکم تۆمارکرد، نامەی پیرۆزبایی و دەستخۆشیی بۆ ناردم و هیچ ئاماژەیەکی تووڕەیی و ناڕەزایەتیی تێدا نەبوو."
یاریزانەکە لە گێڕانەوەی چیرۆکەکە بەردەوامدەبێت و دەڵێت "کاتێک لە پاڵەوانێتییەکە گەڕامەوە، بینیم ناوم راستەوخۆ لە لیستی یانەکەدایە بۆ یاریی بەرامبەر یوڤێنتوس، کاتێک لە هۆتێل بووین بۆ ئەوەی بچینە یاریگە، راهێنەر بانگی کردمە ژوورەکەی و پێیگوتم، عەلی، من تۆم خۆشدەوێت و دەزانیت من خۆم داوامکردوویت، بەڵام چیدیکە تۆ لە پلانەکانی مندا نیت، زۆر تووڕە بووم، نەک لەبەرئەوەی ئەو منی نەدەویست، چونکە کێشەم نەبوو بچمە یانەیەکی دیکە، بەڵکو کێشەکە ئەوەبوو تەنیا چەند کاژێرێکی کەم مابوو بۆ داخرانی دەرگای گواستنەوەی یاریزانان ئینجا ئەمەی پێگوتم، ئەو کاتە مێزەکەم شکاند و دەمەقاڵەیەکی بچووک لەنێوانمان روویدا. گاسپەرینی راهێنەرێکی فێڵبازە، دەیتوانی بەر لەوەی پەیوەندی بە هەڵبژاردەکەوە بکەم ئەمەم پێبڵێت، نەک بمخاتە ئەم بارودۆخە ئاڵۆزەوە.
عەلی عەدنان زیاتر لەو بارەیەوە گوتی "سەرۆکی یانەکە لەلام بوو، گرێبەستەکەی هەڵوەشاندمەوە و هەموو مووچەکەی پێدام بۆ ئەوەی بابەتەکە نەگاتە میدیاکان. دوای ئەوەش بەهۆی یاساکانی ئەورووپا کە رێگەت نادات لە وەرزێکدا بۆ 3 یانەی جیاواز یاریی بکەیت، ناچاربووم پەیوەندی بە خولی ئەمریکییەوە بکەم."
عەلی عەدنان، یەکێک لە دیارترین یاریزانەکانی تۆپی پێی عێراقە، ئێستا تەمەنی 32 ساڵە، ساڵی 2018 لە یانەی ئودینێزی ئیتاڵییەوە بەشێوەی خواستن پەیوەندیی بە یانەی ئاتالانتا کرد، دوای کەمتر لە ساڵێک یارییکردن لەو یانەیە گەڕایەوە ئودینێزی و پاشان چووە یانەی ڤانکۆڤەری ئەمریکی.
ئێستا یاریزانەکە لە خولی پلە یەکی سعودی یاری بۆ یانەی وەحدە دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ