7 یاریزانی ریال مەدرید دەیانەوێت یاخیبوون دژی ئەربێلوا رابگەیێنن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن یاریزانانی ریال مەدرید ئەلڤارۆ ئەربێلوا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

ئەلڤارۆ ئەربێلوا خەریکە جلەوی ژووری جلگۆڕینی ریال مەدرید لەدەستدەدات و سەرچاوەکانی نزیک لەو یانەیە دەڵێن "حەوت ئەستێرە دژی ئەربێلوا وەستاونەتەوە و خەریکە یاخیبوونیان رادەگەیێنن".
 
ریال مەدرید وەک بەرمیلێکی ئاوی کوڵاوی لێهاتووە کە هەر ساتێک بێت دەتەقێتەوە؛ چونکە ئەلڤارۆ ئەربێلوا، کە بەرامبەر خیتافی چوارەم شکستی لە کۆی 12 یارییدا تاقی کردەوە، لە خراپترین کاتەکانی وەک راهێنەری تیپی یەکەم دایە لەو کاتەوەی دوای دوورخستنەوەی چاوەڕواننەکراوی چابی ئەلۆنسۆ پۆستەکەی وەرگرتووە.
 
وادیارە بەرگریکارەکەی پێشووی تیپەکە، کە نەیتوانیوە بەشێوەیەکی بەردەوام گیانی سەرکەوتن بۆ تیپەکە بگێڕێتەوە جگە لە چەند یارییەک، پشتگیری یاریزانەکانی لەدەستداوە، سەرەڕای ئەو یەکگرتووییە سەرەتاییەی کە لەسەر ئامانجێکی هاوبەش 'ململانێ لەسەر لالیگا و چامپیۆنزلیگ' هەبوو، بەڵام ئێستا بارودۆخەکە گۆڕاوە؛ بە لایەنی کەمەوە حەوت یاریزان هەست دەکەن کە ستافەکەی ئەربێلوا وەک پێویست رێزیان لێناگرن.
 
بەپێی ماڵپەڕی دیفێنسا سێنتڕاڵ، هەرچەندە دوای رۆیشتنی ئەلۆنسۆ کەشوهەواکە کەمێک باشتر بوو، بەڵام تووڕەیی هەندێک لە یاریزانان لە کاژێرەکانی رابردوودا بەڕوونی دیار بوو. یاریزانەکان هەست دەکەن دادپەروەرانە مامەڵەیان لەگەڵ نەکراوە، یان ئەو پەیوەندییەیان لەگەڵ ئەربێلوا دروست نەکردووە کە پێشتر لەگەڵ چابی ئەلۆنسۆدا هەیانبوو، هەرچەندە ئاستی هەندێکیان وەک ڤینیسیۆس جۆنیۆر و فێدی ڤاڵڤێردی لەدوای هاتنی راهێنەری پێشووی کاستیاوە بۆ سانتیاگۆ بێرنابیۆ باشتر بووە.
 
پەرەسەندنێکی سەرنجڕاکێش  کڵۆپ لە ریال مەدرید نزیکدەکاتەوە
 
ئەمە هەڵوێستی هەریەکە لە دانی کارڤاخاڵ، دین هاوسن، فێران گارسیا، ئاردا گولەر، براهیم دیاز، فرانکۆ ماستانتونۆ، و تەنانەت کیلیان ئێمباپێشە، کە لەگەڵ بەڕێوەبەری کارەکانیان قسەیان کردووە، چونکە هیچ کامێکیان ئێستا بەتەواوی لە دۆخەکە رازی نین.
 
کاریگەریی ئەربێلوا لە کەمتر لە دوو مانگدا نەما، لەوانەیە پاشەکشەکە گەورەتر بێت، بەتایبەتی لەگەڵ ئەگەری دوورکەوتنەوە لە قۆناخی 16ـی چامپیۆنزلیگ بەرامبەر مانچێستەر سیتی لە یارییەکانی 11 و 17ـی ئاداردا. 
 
ئەمە لەوانەیە دوا هەلی راهێنەرەکە بێت بۆ هێشتنەوەی کارەکەی، چونکە ململانێ لەسەر نازناوی لالیگا ئاڵۆزتر بووە. دوای شکستەکەی بەرامبەر خیتافی، بارسێلۆنا بەجیاوازی 4 خاڵ پێشەنگە (64 بەرامبەر بە 60). چیدی چارەنووسی ریال مەدرید لە ململانێی خولەکەدا لە دەستی خۆیاندا نییە، ئەمەش بەربەستێکی گەورەیە، چونکە بارودۆخەکە پێش چەند رۆژێک تەواو جیاواز بوو.
 
هەرچەندە گرێبەستی ئەلڤارۆ ئەربێلوا تاوەکو کۆتایی وەرز بەردەوامە، بەڵام ریال مەدرید لەو کاتەوەی ئەلۆنسۆیان دوورخستووەتەوە بەدوای راهێنەرێکی جێگرەوەدا دەگەڕێن. بەرگریکاری پێشووی تیپی یەکەم 2009 تاوەکو 2016 هەلێکی زۆر کەمی ماوە بۆ مانەوە و تەنیا پەرجووەک دەتوانێت رزگاری بکات.
 
یانە شاهانە پێویستی بە نازناوێکە بۆ رزگارکردنی پڕۆژەکەی ئ٤ربێلوا، چونکە ئێستا یانەکە تەنیا وەک راهێنەرێکی کاتی سەیری دەکات تاوەکو راهێنەرێکی بەئەزموونتر دەگاتە یانەکە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە