تایبەت بە رووداو سپۆرتس.. دوو لەو یاریزانانەی لەگەڵ هەڵبژاردەی ئێران نەگەڕانەوە کوردن

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
فوئاد رەحیم
نیشانەکردن هەڵبژاردەی خانمانی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

دوو ئەندامی هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران کە لە ئۆسترالیا داوای مافی پەنەباریەتییان کردووە، کوردی رۆژهەڵاتی کوردستانن.
 
بەهۆی هەڕەشەکردن لە یاریزانانی هەڵبژاردەکە دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیان لە جامی ئاسیا، سروودی نیشتمانی ئێرانیان نەگوتەوە، حەوت ئەندامی هەڵبژاردەکە لە یاریزانان و ئەندامێکی دەستەی هونەری داوای مافی پەنابەرییان کرد، بەڵام دواتر یەکێکیان پەشیمانبووەوە.
 
سەرەتا حکومەتی ئوسترالیا مافی پەنابەریی دایە پێنج یاریزان، دوای ئەوە دوو ئەندامی دیکەی هەڵبژاردەکە داوای مافی پەنابەرییان کرد، بەڵام یەکێکیان لە دوایین ساتدا پەشیمانبووەوە و لەگەڵ هەڵبژاردەکە گەڕایەوە ئێران.
 
ناوی ئەو شەش یاریزانەی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێران کە لە ئوسترالیا داوای مافی پەنابەرتییان کردبوو بریتین لە،" زەهرا قەنبەری، عاتفە رەمەزانی زادە، فاتمە پەسندیدە، مونا حەموودی، زەهرا سەربالی و زەهرا سولطان مشکەکار".
 
بەپێی بەداواچوونەکانی رووداو، دوو یاریزانیان بە ناوەکانی زەهرا قەنبەری و فاتمە پەسندیدە خەڵکی کرماشانن و کوردن.
 
زەهرا قەنبەری، ساڵی 1992 لە شاری کەنگاوەر لە پارێزگای کرماشان لەدایکبووە و بۆ یانەی پێرسپۆلیس یاری کردووە و یاریزانی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێرانە. یاریزانێکی زۆر ناسراوە و لە تیپی گازی باکووری کەرکووکیش یاری کردووە. زەهرا بە خانمی گۆڵی تۆپی پێی ئێرانیش ناسراوە.

 
فاتمە پەسندیدەش لەدایکبووی شاری کرماشانە و تەمەنی 21 ساڵە و یاریزانی ژمارە 10ی هەڵبژاردەی تۆپی پێی ژنانی ئێرانە. 

 
تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران مانگی رابردوو و پێش دەستپێکردنی جەنگی ئێران بۆ جامی ئاسیای ژنان چوونە ئوسترالیا. تیپەکە دوای سێ دۆڕانی لەسەریەک ماڵئاواییان لە رکابەرییەکانی پاڵەوانێتییەکە کرد و دەبووایە بگەڕێنەوە وڵاتەکەیان، بەڵام لەلایەن گرووپە جیاوازەکانەوە رووبەڕووی هەڕەشەی کوشتن بوونەوە و لە ئوسترالیاش چەند هاندەرێکی ئێران هێرشیانکردە سەر پاسی هەڵبژاردەکە.
 
هەڵبژاردەی تۆپی پێی خانمانی ئێران لە جامی ئاسیا لە ئوسترالیا، سێ یارییان ئەنجامدا و هەرسێ یارییەکەیان دۆڕاند، ئەوان لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر کۆریای باشوور ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە، ئەوەش کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و یاریزانانی هەڵبژاردەکە رووبەڕووی هەڕەشەی جیاواز بوونەوە، بۆیەش 6 ئەندامی شاندی هەڵبژاردەکە مافی مانەوەیان لە ئوسترالیا پێدرا و لەگەڵ هەڵبژاردەکە نەگەڕانەوە ئێران.
 
چەند سەرچاوەیەکی رۆژنامەڤانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، هەڕەشە لە خێزانی یاریزانەکان کراوە و پێیانگوتراوە خێزانەکانتان نیگەرانن بۆیە بگەڕێنەوە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە