سێ یاریزانەی دیکەی هەڵبژاردەی ئێران بۆ مانەوە لە ئوسترالیا پەشیمانبوونەوە

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن هەڵبژاردەی خانمانی ئێران
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

سێ ئەندامی دیکەی هەڵبژاردەی خانمانی ئێران، دوای چەند رۆژێکی کەم لە وەرگرتنی مافی مانەوە لە ئوسترالیا پەشیمانبوونەوە و پەیوەندی بە شاندی هەڵبژاردەکەوە دەکەن لە مالیزیا.
 
میدیای ئێران رایگەیاند، هەریەکە لە مونا حەموودی، زەهرا سەربالی و مشکین کار، دوو یاریزان و ئەندامێکی دەستەی هونەریی تیپی تۆپی پێی ئێرانن و پەشیمانبوونەتەوە لەوەی لە ئوسترالیا بمێننەوە، بۆیە ئەمڕۆ پەیوەندی بە شاندی هەڵبژاردەکەوە دەکەن لە مالیزیا و لەگەڵ تیپەکە دەگەڕێنەوە ئێران.
 
پەشیمانبوونەوەی ئەم سێ کەسە لەکاتێکدایە پێشتر بەر لەوەی هەڵبژاردەکە لە ئوسترالیا بچێتە دەرەوە، موحەدەسە زولفی، یاریزانی هەڵبژاردەکەش پەشیمانبووەوە و بڕیاریدا بگەڕێتەوە بۆ ئێران.
 
میدیای ئێران ستایشی هەڵوێستی ئەم چوار کەسە دەکات و نووسیوویەتی "هەستی نەتەوەیی و نیشتمانپەروەریی کچانی تیپی تۆپی پێی خانمانی ئێران، نەخشەکانی دوژمنی بەرامبەر بەم تیپە کە چەواشەکارییەکی زۆر لە میدیادا لەبارەیەوە بڵاوکرایەوە، تووشی شکستکرد."
 
چەند رۆژێک لەمەوبەر، دوای ئەوەی لە یاریی یەکەمیان لە جامی ئاسیا بەرامبەر کۆریای باشوور، سروودی نیشتمانیان نەگوتەوە، یاریزانانی هەڵبژاردەی ئێران کەوتنە بەر ژمارەیەک هەڕەشەی جۆراوجۆر، بەمەش 7 ئەندامی شاندەکە داوای مافی پەنابەرییان لە ئوسترالیا کرد، بەتایبەت دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا داوای لە حکومەتی ئوسترالیا کرد مافی پەنابەری بداتە ئەو یاریزانانە.
 
سەرەتا تەنیا یەک یاریزان پەشیمانبووەوە و ئوسترالیای بەجێهێشت، ئەمڕۆش سێ ئەندامی دیکەی هەڵبژاردەکە پەشیمانبوونەوە.
 
 مەرزییە جەعفەری، راهێنەری تیپی تۆپی پێی ئێران دەڵێت" کۆمێنتی بێژەرێکی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، کاریگەرییەکی تۆقێنەری لەسەر یاریزانەکان هەبوو و زۆر ترساندنی و هۆکاربوو بۆ ئەوەی هەندێک لەوان داوای مافی پەنابەریی بکەن.
 
ئەو راهێنەرە ئاشکرایکردووە، لە دوای بڵاوبوونەوەی گرتەی یارییەکەی نێوان ئێران و کۆریای باشوور، یەکێک لە بێژەرانی تەلەڤیزیۆنی فەرمیی ئێران، کچەکانی بە "خیانەتکارانی سەردەمی شەڕ" ناوبردووە و ئەوەش بووەتە هۆکاری تەقینەوەی دۆخەکە.
 
هەڵبژاردەی خانمانی ئێران، تاوەکو ئێستا نەگەڕاوەتەوە وڵاتەکەی و لە مالیزیا چاوەڕێی کردنەوەی ئاسمانی ئێران و ئاسایی بوونەوەی گەشتەکان دەکات بۆ ئەوەی بگەڕێنەوە.



کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە