رووداو دیجیتاڵ
جۆی بارتۆن، یاریزانی پێشووی ئینگلیزی، لێدوانێکی مشتومڕهێنەر لەسەر لیۆنێل مێسی ئەرجەنتینی، ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامی ئەمریکی دەدات و دەڵێت "مێسی دەستکاریی بۆماوەیی کراوە، بۆیە بەو شێوەیە بووەتە باشترین".
بارتۆن، مێسی بەوە تۆمەتبار دەکات کە مێسی وەک ئەوەیە ماددەی وزەبەخشی بەکارهێنابێت، چونکە بەدرێژایی ژیانی وەرزشیی سوودێکی زۆری لەو چارەسەرییە وەرگرتووە کە بۆ نەخۆشیی کەمی هۆرمۆنی گەشەکردن بەکاریهێناوە، کە لە منداڵیدا تووشی بووە.
بە بۆچوونی زۆر کەس، مێسی باشترین یاریزانی تۆپی پێی هەموو سەردەمەکانە، ئەو یاریزانەی کە هەموو نازناوەکانی بەدەستهێناوە، هەروەها 8 جار باڵۆن دۆری بردووەتەوە و لەگەڵ هەڵنژاردەی وڵاتەکەیشی مۆندیالی بردووەتەوە.
بارتۆن کە لە ژیانی وەرزشیدا وەک یاریزان سەرکەوتنێکی بەرچاوی بەدەستنەهێناوە، بە یەکێک لە کەسایەتییە مشتومڕهێنەرەکانی تۆپی پێی ئینگلتەرا دادەنرێت و هەمیشە لێدوانی نائاسایی دەدات و زۆرجار هەرا دەنێتەوە.
لە پۆدکاستەکەیدا، بارتۆن واینیشاندا کە مێسی سوودی لە "دەستکاریکردنی بۆماوەیی" وەرگرتووە، ئەمەش بەهۆی ئەو چارەسەرییەی کە لە سەرەتای ژیانی تۆپی پێیدا وەریگرتووە.
بارتۆن سەبارەت بە ئەستێرە ئەرجەنتینییەکە، گوتی "لای من نیشانەی پرسیارێکی گەورە لەسەر ناوی مێسی هەیە، چونکە لە تەمەنێکی بچووکدا دەرمانی ستیرۆید و چەندین دەرمانی دیکەی خواردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی گەشەکردنی".
یاریزانی پێشووی یانەکانی، مانچێستەر سیتی، وێستهام و گلاسکۆ رێنجەرز، ئاماژەی بەوەشکرد، مێسی لە تەمەنێکی بچووکدا دەستکاری بۆماوەیی کراوە، بۆیە پێویستە ئەستێرەیەک لە تەنیشت ناوەکەیەوە هەبێت.
لە درێژەی قسەکانیدا، ئەو یاریزانە ئینگلیزییە کە پێشتر بەهۆی قومارکردنەوە 18 مانگ سڕکراوە، لە درێژەی قسەکانیدا، سەبارەت بە مێسی گوتی "لیۆ هۆرمۆنی گەشەکردن و هەموو جۆرە دەرمانێکی دیکەی پێدراوە بۆ ئەوەی یارمەتی گەشەکردنی بدات. ئەوەندەی من بزانم کەسی دیکە ئەو کارەی نەکردووە. بۆیە، ئەگەر رێگەی دابووایە بەشێوەیەکی سروشتی گەشە بکات و لەبەردەم ئێوارەخوانێکی برژاودا دانیشتبووایە، ئەو لە دۆخی ئێستایدا نەدەبوو، و ئەوەی نەدەکرد کە کردوویەتی".

کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ