چاڤی بە تووندی سزا دەدرێت

17-04-2024
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن چاڤی کارتی سوور
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا ئاماژەی بەوەکردووە، کە سزایەکی تووند لە چاوەڕوانی چاڤی هێرناندێزی راهێنەری یانەی بارسێلۆنادایە، دوای دەرکردنی تیپەکەی لە قۆناخی چارەکی کۆتایی چامپیۆنزلیگ، پاش ئەوەی 1-4 بە پاریس سانجێرمان دۆرا.
 
لە یارییەکەدا چاڤی لە خولەکی 56 بە کارتی سوور دەرکرا، بەهۆی ئەوەی بە تووندی رەخنەی لە ناوبژیوان گرت، بەڵام دوای کۆتاییهاتنی یارییەکە بڕیاریدا بگەڕێتەوە نێو یاریگا و سەرزەنشتی ناوبژیوانی یارییەکەی کرد.
 
رۆژنامەی سپۆرتی ئیسپانی، لەو بارەیەوە رایگەیاند "گەڕانەوە بۆ نێو یاریگە و رووبەڕووبوونەوەی ناوبژیوانی یارییەکە بەتایبەتی، دەتوانێت ببێتە هۆی زیادکردن و قورسترکردنی سزای چاڤی".
 
رۆژنامەکە ئاماژەی بەوەشکردووە "لیژنەی دیسپلینی یەکێتیی تۆپی پێی ئەوروپا رێکاری زۆر تووند لە بەرامبەر ئەو جۆرە مامەڵانە وەردەگرێت، بەتایبەتی ئەگەر بەرامبەر ناوبژیوانان بێت".
 
ئەو سەرچاوەیە ئاماژەی بەوەشکردووە، لە چەند رۆژی داهاتوودا سزاکە راناگەیێنرێت، بەڵکو ئەگەر هەیە لەماوەی دوو هەفتەدا سزاکە رابگەیێنرێت، کە پێدەچێت سزایەکی تووند بێت.
 
هەندێک لە سەرچاوەکان ئاشکرایان کردووە، کە چاڤی بە ناوبژیوانی گوتووە "دایکت بەنەفرەت بێت"، ناوبژیوانی چوارەم گوێی لێبووە و راستەوخۆ ناوبژیوانی لێ ئاگادارکردووەتەوە و ئەویش بەبێ دودڵی کارتی سووری بە روویدا بەرزکردووەتەوە.
 
چاڤیش دەڵێت "تەنیا پێیگوتووە بڕیارەکانت هەڵە و کارەستان".

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە