ریال مەدرید شۆڕش بەرپا دەکات و لیستی یاریزانە بەڕێکراوەکان ئاشکرابوو

04-05-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی ریال مەدرید
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی ریال مەدرید بەردەوامە لە خۆڕێکخستنەوە و پوختکردنەوەی لیستی ئەو یاریزانانەی لە وەرزی داهاتوودا نوێنەرایەتی یانەکە دەکەن لە پاڵەوانێتییەکاندا.
 
ریال مەدرید پاش دەستبەتاڵدەرچوونی لە وەرزی ئەمساڵ، بڕیاری گۆڕانکاریی گەورەیداوە، یانەکە نزیکە لە دەستنیشانکردنی چابی ئەلۆنسۆ بە راهێنەری نوێی یانەکە.
 
سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە ئەو یانە ئیسپانییە گۆڕانکاریی گەورە لە ریزەکانیدا دەکات و خۆی رێکدەخاتەوە تاوەکو وەرزی داهاتوو توانای رکابەری لەسەر نازناوەکان هەبێت.
 
وەک سەرچاوەکان دەڵێن، ژمارەیەک یاریزان چارەنووسیان لەلایەن کارگێڕیی یانەکەوە یەکلاکراوەتەوە لەوەی لە هاویندا یانەکە بەجێدەهێڵن، یەکەم یاریزانیش خیسۆس ڤاییخۆی بەرگریکەر دەبێت کە ماوەی دە ساڵی تەواوە لە ریال مەدریدە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن، لوکاس ڤاسکێز یەکێکی دیکەیە لەو یاریزانانەی لە هاویندا پێویستە لە یانەکە بڕوات، بەڵام تاوەکو ئێستا لە چارەنووسی خۆی ئاگادارنەکراوەتەوە.
 
وەک ئەو سەرچاوانە ئاماژەیان پێداوە، ریال مەدرید وەک ئەفسانەیەک تەماشای ڤاسكێز دەکات، هەربۆیە دەیەوێت کۆبوونەوەیەکی تایبەتی لەگەڵدا ئەنجامبدات و چارەنووسی یەکلابکاتەوە.
 
هەرچی لۆکا مۆدریچی ئەفسانەی کرواتییە، دۆخێکی هاوشێوەی هەمان دۆخی ڤاسکێزی هەیە، بەڵام بڕیاری مانەوە و رۆیشتنی پشت بەویستی خۆی دەبەستێت، بەتایبەتیش ئەگەر رازی بێت مووچەکەی کەمبکاتەوە، وەکئەوەی وەرزی رابردوو کردی.
 
هەرچی داڤید ئالابای بەرگریکەرە، سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە کە ریال مەدرید پێیوایە هەلی رۆیشتنی باشترە، بەڵام کێشەکە ئەوەیە کە مووچەکەی زۆر بەرزە، لە کاتێکدا توانای جەستەیی وەک پێویست نییە و پێکانی زۆرە و ناتوانرێ وەک یاریزانی سەرەکی پشتی پێببەسترێت.
 
هەردوو بەرگریکەری باڵی چەپی یانەکە، فران گارسیا و فێرلان مێندی، وێڕای بڕیاری یانەکە بەمانەوەیان، بەڵام یانەکە ئامادەیە گوێ لە هەر دەستەوارەیەک بگرێت کە بۆ ئەو دوو یاریزانە پێی بگات.
 
رۆدریگۆ یەکێکی دیکە لەو یاریزانانەی چارەنووسی لەژێر پرسیاردایە، چەندین یانەی گەورە ویستی گرێبەستکردنیان لەگەڵیدا هەیە، بەڵام ئەو پەیوەندی بە چابی ئەلۆنسۆوە کردووە بۆ ئەوەی لە رۆڵی خۆی لە داهاتووی تیپەکەدا ئاگاداربێت و ئەوکات بڕیار لەبارەی چارەنووسیەوە دەدرێت.
 
کارگێڕیی ریال مەدرید، رێگر نییە لە فرۆشتنی رۆدریگۆ، لە کاتێکدا چەندین یانەی ئینگلیزی داوای ئەو دەکەن، لەنێویاندا مانچێستەر سیتی کە بەئاشکرا ویستی گرێبەستکردنی لەگەڵ ئەو یاریزانە پێشانداوە، ئەمە جیا لە ئارسیناڵ کە بەهەمان شێوە پرسیاری لەبارەی چارەنووسی ئەوەوە کردووە.
 
سەرچاوەکان دەڵێن نرخی رۆدریگۆ 100 ملیۆن یۆرۆ کەمتر نییە.
 
سەرچاوەکان دووپاتیدەکەنەوە، ڤینیسیۆس جۆنیۆر لەگەڵ یانەکە بەردەوام دەبێت، ئەگەرچی دەنگۆی زۆر لەبارەی رۆیشتنیەوە هەیە، بەتایبەت بۆ سعودیە، بەڵام ئەو یاریزانە نزیکە لە نوێکردنەوەی گرێبەستەکەی لەگەڵ یانەکەی.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە