گواردیۆلا لە گرێبەستکردن لەگەڵ رافینیا پاشگەز دەبێتەوە

04-05-2025
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن پێپ گواردیۆلا رافینیا رۆدریگۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

 

پێپ گواردیۆلا، راهێنەری ئیسپانیی یانەی مانچێستەر سیتی داوای لە بەرپرسانی یانەکەی کردووە هەوڵەکانیان بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رافینیای ئەستێرەی بەرازیلیی یانەی بارسێلۆنا رابگرن و بیگۆڕن بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرەیەکی دیاری ریال مەدرید!.
 
بەگوێرەی زانیارییەکانی رۆژنامەی ئێل ناسیۆنالی ئیسپانی، یانەی مانچێستەر سیتی گۆڕانکارییەکی ریشەیی لە پلانەکانی گواستنەوەی یاریزاناندا کردووە، ئەمەش سەرنجی هەودارانی ئەو یانەیەی راکێشاوە، بەتایبەتی دوای چەند مانگێک لە بەردەوامی گرنگیدان بە رافینای هێرشبەری باڵی بارسێلۆنا. 
 
وەک ئەو سەرچاوەیە باسی دەکات دوای ئەوەی یاریزانە بەرازیلییەکە وادەرکەوت ئامانجێکی سەرەکی پێپ گواردیۆلا بێت، کارگێڕیی یانە ئینگلیزییەکە لەم دواییانەدا بڕیاریدا پاشەکشە لە گرێبەستەکە بکات و سەرنجی خۆیان بگۆڕن بۆ سەر رۆدریگۆ گۆسی هێرشبەری باڵی یانەی ریال مەدرید.
 
بەپێی سەرچاوەکانی ناو یانەکە، پێپ گواردیۆلا و تیپە تەکنیکییەکەی گەیشتوونەتە ئەو ئەنجامەی کە دانوستاندنەکان لەگەڵ بارسێلۆنا سەبارەت بە رافینیا هیچ ئەنجامێکی نابێت، چونکە یانە کەتەلۆنییەکە هیچ نیازێکی نییە بیفرۆشێت. خودی یاریزانەکەش، کە بووەتە یاریزانێکی هەرە گرنگی پێکهاتەی هانزی فلیک، هیچ ئارەزووی جێهێشتنی کامپ نوی نییە. 
 
لەلایەکی دیکەوە دۆخەکە بۆ رۆدریگۆ تەواو جیاوازە. یاریزانە باڵە بەرازیلییەکە لەم وەرزەدا لە ریال مەدرید هەمان بایەخی جارانی نەماوە، بەتایبەتی بەهۆی درەوشاوەیی جود بێلینگهام و بوونی کیلیان ئێمباپێ کە رۆڵی رۆدریگۆیان لە پێکهاتەی کارلۆ ئەنچێلۆتیدا کەمکردووەتەوە، بوویە یاریزانەکە زیاتر کراوەیە بۆ گوێگرتن لە دەستەوارەکان.
 
بەگوێرەی زانیارییە نزیکەکانی یانەکە، رۆدریگۆ رێنمایی روونی داوەتە بەرێوەبەری کارەکانی بۆ لێکۆڵینەوە لە بژاردە بەردەستەکان. 
 
مانچێستەر سیتی لەپێشەوەی ئەو یانانەیە کە زۆرترین ئارەزووی بۆ گرێبەستکردن لەگەڵ رۆدریگۆ هەیە.
 
راپۆرتە رۆژنامەڤانییەکان ئاماژە بەوە دەکەن کە مانچێستەر سیتی ئامادەیە دەستەوارەیەک بەبڕی 100 ملیۆن یۆرۆ پێشکەشی ریال مەدرید بکات، کە پێدەچێت ریال مەدرید بەگونجاوی بزانێت بۆ ئەوەی دانوستانەکانی لەگەڵدا بکاتەوە.
 
میدیاکانی ئیسپانیا باس لەوە دەکەن کە لە سانتیاگۆ بێرنابیۆ، بەرپرسان بێزار نین لەوەی باسی ئەو دەستەوارەیە بکەن، چونکە رۆیشتنی رۆدریگۆ توانایەکی دارایی زیاتر بە یانەکە دەبەخشێت بۆ ئەوەی پارەکە لە ئامانجەکانی دیکەی وەک فلۆریان ڤێرتز، مارتن زوبیمێندی و دین هۆیسن خەرج بکات. هەروەها رۆیشتنی ئەو یاریزانە رێگە بە ئاردا گولەر دەدات گەشە بکات، ئەو یاریزانەی چاوەڕێی چانسی خۆی دەکات بۆ ئەوەی خۆی بسەلمێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە