ئەگەر هەیە بارسێلۆنا بەتووندی سزا بدرێت

04-06-2025
رێبوار محه‌ممه‌د
نیشانەکردن یانەی بارسێلۆنا فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

یانەی بارسێلۆنای ئیسپانی، کەوتووەتە بەردەم هەڕەشەی راستەقینەی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەورووپا (یۆفا)، بەهۆی پێشێلکردنی بنەماکانی یاسای یاریی خاوێن.
 
میدیای بەریتانیا ئاشکرایانکردووە، یۆفا کە پێشتر یانە کەتەلۆنییەکەی بەبڕی 500 هەزار یۆرۆ سزادابوو بەهۆی پێنەدانی زانیاریی دارایی دروست، گەیشتووەتە ئەو باوەڕەی کە بارسێلۆنا جارێکی دیکە بنەماکانی یاسای یاریی خاوێنی پێشێلکردووە، هەربۆیە پێویستە تووندتر لەجاری پێشوو سزا بدرێت.
 
بەپێی ئەوەی سەرچاوەکان ئاشکرایانکردووە، ئەگەر هەیە یۆفا سزای بارسێلۆنا بدات بەلێشکاندنی خاڵ لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان، یان رێگریکردن لە ناونووسینی ژمارەیەک یاریزانی یانەکە لە لیستی بەشداربووان لە پاڵەوانێتییە ئەورووپییەکان.
 
میدیاکان دەڵێن، سزاکان لە چامپیۆنزلیگی وەرزی داهاتوودا جێبەجێدەکرێن، چونکە بارسێلۆنا بەهۆی بەدەستهێنانی نازناوی لالیگاوە، سەرکەوتنی بۆ ئەو پاڵەوانێتییە مسۆگەرکردووە.
 
یۆفا دەڵێ، بارسێلۆنا ناتوانێت ئەو لەسەدا دەیەی مافی پەخشی یارییەکان کە لە ساڵی 2022دا و بۆ ماوەی 25 ساڵ فرۆشتویەتی، بە 'داهاتی کارپێکردن' دابنرێت وەکئەوەی یانەکە لە راپۆرتی دارایی خۆیدا بۆ یۆفا نووسیویەتی، بەڵکو ئەو کارە دەبێ بە 'قازانج لە پشکی نەبینراو' دابنرێت و بەوەش ناچێتە نێو چوارچێوەی سیستمی یاسای دارایی خاوێنەوە.
 
بارسێلۆنا پێشتر، 15 لەسەدی مافی پەخشی تەلەڤیزیۆنی یارییەکانی خۆی بەرامبەر 400 ملیۆن یۆرۆ فرۆشتبوو، بەڵام نەیتوانی ئەو داهاتە وەک 'داهاتی کارپێکردن' لە راپۆرتی دارایی خۆیدا تۆماربکات، هەر بۆیە یۆفا سزایدا، بەڵام یانەکە دۆسێیەکەی بردە دادگای دادوەریی وەرزشی و لەوێ تێهەڵچوونەوەی بڕیاری دادگای دۆڕاند و بەهۆیەوە ناچاربوو 500 هەزار یۆرۆ بدات.
 
میدیاکان دەڵێن، یۆفا لەسەر هەمان دۆسێی هاوشێوە هەریەکە لە چێڵسی و ئاستۆن ڤێلاش سزا دەدات، بەڵام لەبەرئەوەی یەکەمجاریانە ئەو پێشێلکارییانە ئەنجام بدەن، بۆیە تەنیا سزای داراییان بەسەردا دەسەپێنرێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە