بارسێلۆنا پارەیەکی زۆر قەرزداری مێسییە

04-07-2023
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن لیۆنێل مێسی یانەی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی ئەرجەنتینی و کاپتنی پێشووي یانەی بارسێلۆنا، بڕە پارەیەکی زۆر قەرزی لای یانە کەتەلۆنییەکە ماوە و بەشێوەی قیست وەریدەگرێتەوە.
 
راپۆرتێکی رۆژنامەڤانی لە ئیسپانیا بڕی ئەو پارەیەی ئاشکراکردووە، کە یانەی بارسێلۆنا قەرزداری لیۆنێل مێسی، ئەستێرەی یانەی ئینتەرمەیامیی ئەمریکییە.
 
دوێنێ دووشەممە، لە هەڤپەیڤینێکی رۆژنامەڤانیدا، پرسیار لە خوان لاپۆرتا، سەرۆکی یانەی بارسێلۆنا کرا کە ئایا یانەکەی تاوەکو ئێستا قەرزداری مێسییە؟ ئەویش لە وەڵامدا دانی بەودا نا کە قەرزداری لیۆ مێسین و گوتی "دواخستنێک لە مووچەپێدانی مێسی هەیە کە لەگەڵ کارگێڕیی پێشووی یانەکەمان رێککەوتنی لەسەر کرابوو".
 
سەرۆکی بارسا گوتیشی "دەرئەنجامەکەی ئەوەیە کە مێسی بڕە پارەیەکی لای بارسێلۆنا ماوە و تاوەکو ساڵی 2025 بەشێوەی قیست پێیدەدەنەوە".
 
بەپێی بەرنامەی ئێل شێرینجیتۆی ئیسپانی، بارسێلۆنا 48 ملیۆن یۆرۆ قەرزداری مێسی بووە، لە دوای رۆیشتنی یاریزانە ئەرجەنتینییەکە لە ساڵی 2021.
 
بەرنامە ئیسپانییەکە ئاماژەی بەوە کردووە کە بارسێلۆنا هەر 6 مانگ جارێک تاوەکو ساڵی 2025 بڕی 6 ملیۆن یۆرۆ دەداتە ئەو ئەستێرە ئەرجەنتینییە.
 
لیۆنێل مێسی لە هاوینی 2021 بەبێ بەرامبەر ریزەکانی بارسێلۆنای جێهێشت، دوای ئەوەی یانە کەتەلۆنییەکە نەیتوانی گرێبەستە نوێیەکەی لە خولی ئیسپانیا تۆماربکات، ئەمەش بەهۆی یاسای یاریی دارایی خاوێنەوە بوو.
 
لەم هاوینەشدا هەوڵدرا مێسی بگەڕێندرێتەوە بارسێلۆنا، دوای ئەوەی ماوەی گرێبەستە دوو ساڵییەکەی لەگەڵ یانەی پاریس سانجێرمانی فەرەنسی کۆتاییهات، بەڵام دواجار ئەو گەڕانەوەیە بە ئەنجام نەگەیشت و لیۆنێل مێسی رایگەیاند کە دەچێتە یانەی ئینتەرمەیامی لە خولی ئەمریکی.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە