رووداو دیجیتاڵ
یانەی ئامەدسپۆری باکووری کوردستان، گرێبەستکردنی لەگەڵ یاریزانێکی بە ئەزموون و بەنێوبانگی ئیسرائیلی راگەیاند و ئەمڕۆ یاریزانەکە دەگاتە ئامەد.
یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوێکی فەرمیدا دەڵێت "یانەکەمان لەگەڵ دیا سابا، یاریزانی بە ئەزموون کە یاریی بۆ یانەی ماکابی حەیفا دەکرد گەیشتە رێککەوتن، یاریزانەکە ئەمڕۆ دەگاتە فرۆکەخانەی ئامەد."
ئامەدسپۆر نووسیوویەتی "هیوادارین ئەم گواستنەوەیە بۆ یانەکەمان و هاندەرانمان خێرداربێت، هەروەها هیوای وەرزێکی پڕ لە سەرکەوتن بۆ دیا سابا دەخوازین بەدرێسی سەوز و سوورەکەمانەوە."
یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوەکەیدا بانگهێشتی هاندەرانی دەکات بۆ پێشوازیکردن لە یاریزانە نوێیەکەیان.
دیا سابا تەمەنی 32 ساڵە، لە هێڵی ناوەڕاست یاریی دەکات، لە کاروانی یارییکردنیدا بۆ یانەکانی ماکابی تێل ئاڤیڤ، ماکابی نەتانیا، گوانژۆ، نەسڕ و ئیماراتی ئیماراتی، سیڤا سپۆر و ماکابی حەیفا یارییکردووە.
یاریزانەکە ئەزموونێکی زۆری یارییکردنی هەیە و لەگەڵ ماکابی حەیفا بەشداریی لە پاڵاوتنەکانی کۆنفرانسلیگدا کردووە.
لەسەر ئاستی هەڵبژاردەی ئیسرائیل، دیا سابا 13 یاریی بۆ هەڵبژاردەکە کردووە و 3 گۆڵی تۆمارکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ