رووداو دیجیتاڵ
فیدراسیۆنی تۆپی پێی نێودەوڵەتی (فیفا) لە راپۆرتی ساڵانەی خۆیدا، ئاشکرایکردووە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵ 2025، خەرجییەکی بێوێنەی تۆمارکردووە لەلایەن یانەکانی جیهانەوە و کۆی تێچووی گواستنەوەی یاریزانان 9،76 ملیار دۆلار بووە، بەوەش بەڕێژەی 50 لەسەد بەراورد بەهاوینی پێشوو زیادیکردووە.
بەپێی راپۆرتەکەی فیفا، خەرجییەکە لە دە ملیار نزیکدەبێتەوە و ئەوەش رووداوێکی بێوێنە و ژمارەیەکی پێوانەییە.
فیفا ئاشکرایکردووە، نزیکەی 12 هەزار دەستەوارەی گواستنەوەی نێودەوڵەتی لەنێوان یانەکانی جیهاندا روویداوە. لە کاتێکدا تۆپی پێی ئافرەتان گەیشتووەتە ئاستێکی بێوێنە لە گەشەدا و 1100 دەستەوارەی گواستنەوەی یاریزانان ئەنجامدراوە و بەهاکەی 12 ملیۆن دۆلار بووە.
لە تۆپی پێی خانماندا، دیارترین گواستنەوە، چوونی لیزابێس ئۆبایی مەکسیکی بوو لە یانەی تیگریسەوە بۆ یانەی ئۆرلاندۆ برایدی ئەمریکی بەرامبەر 1،5 ملیۆن دۆلار کە ژمارەیەکی پێوانەییە.
ئیمیلیۆ گارسیا، سەرۆکی بەشی یاسایی و نوێنەرایەتی لە فیفا دەڵێ، "سەرنجماندا کە لە ماوەی گواستنەوەی هاوینەی ئەمساڵدا لە تۆپی پێی پیاوان و خانماندا چالاکییەکی زۆر هەبوو، ژمارە بەرزبووەوەکانی تۆپی پێی خانمان جێگەی سەرنجە، بێگومان دووپاتیدەکاتەوە کە یارییەکە لە سەرانسەری جیهاندا لەگەشەی بەردەوامدایە".
بەپێی راپۆرتەکەی فیفا، پرێمەرلیگ بەرزترین ئاستی خەرجیی هەبووە و یانەکانی ئەو خولە نزیکەی 3 ملیار دۆلاریان خەرجکردووە، یانەکانی ئەڵمانیا 980 ملیۆن دۆلاریان خەرجکردووە.
گرانترین گواستنەوە چوونی فلۆریان ڤێرتز بووە لە بایرلیڤەرکوزنی ئەڵمانییەوە بۆ لیڤەرپوولی ئینگلیزی بەرامبەر 116 ملیۆن پاوەند، کە دەکاتە 156 ملیۆن دۆلار لەگەڵ پاداشتەکاندا.
یانەکانی خولی ئیتاڵیا وەک راپۆرتەکەی فیفا دەڵێ سێیەم گەورەترین خەرجییان هەبووە و کۆی 950 ملیۆن دۆلاریان خەرجکردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ