ئامەدسپۆر کۆنگرەی نائاسایی دەکات؛ ناهیت ئەرەن بۆ سەرۆکایەتی بەربژێرە

04-10-2025
هێمن عەساف
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

ئەنجوومەنی راوێژکاریی یانەی ئامەدسپۆر بڕیاری بەستنی کۆنگرەی نائاسایی دا، ئەوەش بەهۆی ئەو داوایەی لەسەر سەرۆک و هەندێک لە بەڕێوەبەرانی یانەکە تۆمار کراوە. ئەنجوومەنەکە ناهیت ئەرەن، سەرۆکی پێشووی سەندیکای پارێزەرانی ئامەدی وەک بەربژێری سەرۆکایەتیی یانەکە دیاریکرد.
 
رۆژی هەینی 3ی تشرینی یەکەمی 2025 دەستەی بەڕێوەبردنی یانەی ئامەدسپۆر لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، کاژێر 17:00ی رۆژی 18ی تشرینی یەکەمی 2025، لە ناوەندی رۆشنبیریی سەزایی کاراکۆچ لە ئامەد کۆنگرەی نائاسایی بەڕێوەدەچێت.
 
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، ئەگەر رێژەی یاسایی تەواو نەبوو، کۆنگرەکە لە هەمان شوێن لە رۆژی 25ی تشرینی یەکەمی 2025 بەڕێوەدەچێت.
 
ئەنجوومەنی راوێژکاریی یانەکە، دوای کۆبوونەوەیەک کە نزیکەی سێ کاژێری خایاند، بە کۆی دەنگی ئەندامەکانی، ناهیت ئەرەنی وەک بەربژێری سەرۆکایەتی دیاریکرد. چاوەڕوان دەکرێت ئەرەن وەکو تاکە بەربژێر بەشداری لە کۆنگرەکەدا بکات.
 
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لیژنەیەکی تایبەت پێکبهێندرێت بۆ وەرگرتن و هەڵسەنگاندنی داواکارییەکان بۆ سەرۆک و ئەندامانی نوێی دەستەی بەڕێوەبردن.
 
ئەنجوومەنی راوێژکاریی ئامەدسپۆر سوپاسی سەرۆک و ئەندامانی ئێستای دەستەی بەڕێوەبردنی یانەکەی کرد بۆ ئەو خزمەتەی پێشکێشیان کردووە و هیوای خواست کۆنگرە نائاساییەکە بۆ یانەی ئامەدسپۆر و هاندەرەکانی مایەی خێر بێت.
 
ناهیت ئەرەن کێیە؟
 
ناهیت ئەرەن لە ساڵی 1978 لە قەزای پاسووری ئامەد لەدایکبووە، خوێندنی سەرەتایی، ناوەندی و ئامادەیی لە پاسوور تەواو کردووە، لە ساڵی 2000، کۆلێژی یاسای لە زانکۆی ئیستەنبووڵ تەواو کردووە، لە سەندیکای پارێزەرانی ئامەد (بارۆی ئامەد) چەندین پۆستی هەبووە، لەوانە ئەندامی دەستەی راگەیاندن، سەرۆکی لیژنەی مافەکانی منداڵان، جێگری سەرۆک و ئەندامی دەستەی بەڕێوەبردن، دوو خول سەرۆکی سەندیکای پارێزەرانی ئامەد بووە، خێزاندارە و باوکی 3 منداڵە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە