بۆچی بارسێلۆنا بۆ رازیکردنی فلیک قوربانی بە 15 ملیۆن یۆرۆ دا؟

كاژێرێك له‌مه‌وپێش
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن هانزی فلیک یانه‌ی بارسێلۆنا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

بارسێلۆنا پلانەکانی بۆ ئامادەکارییەکانی هاوینەی پێش دەستپێکردنی وەرزی داهاتوو گۆڕی، بڕیاریدا لە ئەڵمانیا ئەنجامی بدات لەبری گەشتکردن بۆ ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا یان وڵاتانی رۆژهەڵاتی ئاسیا.
 
بەهۆی ئەوەی هاوینی داهاتوو یارییەکانی کۆتایی مۆندیال لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بەڕێوەدەچێت، هانزی فلیکی راهێنەری ئەڵمانی پێیباشبوو کەمپێکی مەشق و راهێنان لە ئەورووپا ئەنجام بدات، کە تێیدا جەخت لەسەر لایەنی جەستەیی و تاکتیکی بکاتەوە و دوور بکەوێتەوە لە ماندووکردنی یاریزانە بەردەستەکان لە مانگی 7ـدا، بەتایبەت کە زۆربەی ئەستێرەکان لەو کاتەدا لەگەڵ هەڵبژاردەکانیان دەبن.
 
ئەنجامدانی کەمپ و یارییە دۆستانەکان لە ئەمریکا و رۆژهەڵاتی ئاسیا، هەلی ئەوە دەدەنە یانە گەورەکانی ئەورووپا کە داهاتێکی دارایی گرنگ بەدەستبهێنن و کاریگەریی براندی یانەکە لەو بازاڕانەدا زیاد بکەن کە جەماوەرێکی زۆریان هەیە.
 
سەرەڕای قەیرانی دارایی بارسێلۆنا و پێویستی بە پارە،  ئەگەری بەدەستهێنانی زیاتر لە 15 ملیۆن یۆرۆ لە گەشتێکی ئامادەکاری لە ئەمریکا یان ئاسیا، بەڵام فلیک بەهۆی ئەو دەسەڵاتە گەورەیەی لەناو تیپەکەدا هەیەتی، توانی ئەنجامدانی کەمپێک لەنێو ئەورووپا بسەپێنێت.
 
راهێنەرە ئەڵمانییەکە پشتی بەوە بەستووە کە یاریزانانی بارسێلۆنا پێویستیان بە ئامادەکارییەکی جەستەیی باش هەیە پێش وەرزی داهاتوو، جگە لەوەی گەشتی دوورودرێژ یاریزانەکان لە رووی جەستەییەوە ماندوو دەکات، بەتایبەت کە زۆربەی ئەستێرەکانی تیپەکە بەهۆی مۆندیالەوە لە ئەمریکا، کەنەدا و مەکسیک بە ماندوویی دەگەڕێنەوە.
 
فلیک لە دوو وەرزی رابردوودا بارسێلۆنای گەڕاندەوە بۆ لووتکەی ئیسپانیا، وەرزی رابردوو هەموو نازناوە نێوخۆییەکانی بردەوە، ئەم وەرزەش جامی سوپەری بردەوە و ئێستا پێشەنگی خولی ئیسپانیایە،  تەنیا جامی شای ئیسپانیای دۆڕاندووە دوای ئەوەی لە قۆناخی پێش کۆتایی بەرامبەر ئاتلێتیکۆ مەدرید کرایە دەرەوە.
 
هانزی فلیک هەلی زیاتری بە یاریزانە لاوەکاندا و وای کرد بارسێلۆنا بەبێ گرێبەستکردن لەگەڵ ئەستێرە گەورەکان قەیرانی دارایی تێپەڕێنێت، هەروەها تیپێکی بەهێزی دروست کردووە کە بەربژێری سەرەکییە بۆ بردنەوەی چامپیۆنزلیگ.
 
هەروەها بەهێزیی کەسایەتی فلیک و ئەو دەسەڵاتە فراوانانەی لەلایەن خوان لاپۆرتای سەرۆکەوە پێیدراوە، وایکردووە بتوانێت رای خۆی لەسەر بەرنامەی ئامادەکارییەکانی تیپەکە بۆ وەرزی داهاتوو بسەپێنێت، ئەویش لە رێگەی ئەنجامدانی کەمپێک لە ئەڵمانیا و دوورکەوتنەوە لە گەشتی ماندووکەر.
 
جگە لەوەش، کێشەکانی هاوینی رابردوو و قەیرانی یارییە دۆستانەکان لە کۆریای باشوور و ژاپۆن، لەگەڵ کێشەی داهاتە داراییەکان لەگەڵ کۆمپانیا رێکخەرەکان، کاریگەرییان هەبووە لەسەر ئەوەی کارگێڕیی یانەکە رەزامەندی لەسەر پێشنیازەکەی هانزی فلیک دەرببڕێت.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە