رووداو دیجیتاڵ
لەو کاتەی هاندەرانی کامپ نو چاوەڕێی هەنگاوێکی فەرمی بوون بۆ گواستنەوەی یەکێک لە ئامانجە دێرینەکانیان، یەکێک لە زلهێزەکانی وڵاتە پیرەکە خۆی ئامادە دەکات بۆ وەشاندنی گورزێکی کوشندە لە ئومێدەکانی بارسێلۆنا لە مێرکاتۆی هاوینەدا.
یانەی یوڤێنتوس بڕیاری داوە گرێبەستێکی خەیاڵی لەڕووی ماوە و مووچەی گرێبەستەکە پێشکێشی ئەستێرەی پۆرتوگالی بێرناردۆ سیلڤا بکات، بە سوودوەرگرتن لەو قەیرانە داراییەی کە یانە کەتەلۆنییەکەی کۆتوبەند کردووە.
یوڤێنتوس گرێبەستێکی بۆ ماوەی 3 وەرز لەگەڵ بژاردەی درێژکردنەوە بۆ وەرزی چوارەم خستووەتە سەر مێزی گفتوگۆ، کە ئەمەش وەک گرەنتییەک وایە بۆ یاریزانێک کە لە تەمەنی 32 ساڵی نزیك دەبێتەوە.
ئەم هەنگاوە پێشوەختەیە ئامانجی یەکلاکردنەوەیەتی پێش ئەوەی مێرکاتۆ بگاتە لووتکە. کارگێڕیی یوڤێنتوس کار لەسەر راکێشانی یاریزانەکە دەکات لە رێگەی پڕۆژەیەکی وەرزشییەوە کە رۆڵی سەرکردەی تیپەکەی پێدەبەخشێت لە شۆڕشێکی تەکنیکی نوێدا.
لەکاتێکدا هەمووان چاوەڕێی گواستنەوەی سیلڤا بوون بۆ لالیگا، یان رۆیشتن بەرەو وڵاتەکانی کەنداو یان خولی ئەمریکی بۆ وەرگرتنی مووچەیەکی خەیاڵی.
یوڤێنتوس بڕیاری داوە ئەو یاسا تووندەی خۆی بشکێنێت کە رێگری دەکات لە پێدانی گرێبەستی درێژخایەن بەو یاریزانانەی تەمەنیان لە 30 ساڵ تێپەڕیوە، چونکە لۆچیانۆ سپالێتی راهێنەر پێیوایە بێرناردۆ سیلڤا ئەو پارچە ونبووەیە کە تیپەکە لە رکابەرێکی نێوخۆییەوە دەگۆڕێت بۆ بەربژێرەکی سەرەکی و بەهێز لەسەر ئاستی کیشوەرەکە.
کارگێڕیی یوڤێنتوس بە خۆرخی مێندێزی بەڕێوەبەری کارەکانی راگەیاندووە کە ئامادەن هەموو داواکارییە کەسییەکانی یاریزانەکە جێبەجێ بکەن، گرێبەست بۆ ماوەی 3 ساڵ لەگەڵ ساڵێک ئارەزوومەندانە کە ئەمە متمانەیەکی دەگمەنە بۆ یاریزانێکی تەمەن 31 ساڵ، لەگەڵ مووچەی ساڵانەی 7 بۆ 8 ملیۆن یۆرۆ، جگە لە پابەندبوونی تەواو بەوەی بیکەنە بەردی بناخەی پلانی سپالێتی کە ئەویش لای خۆیەوە خەریکە گرێبەستەکەی تاوەکو ساڵی 2028 نوێ دەکاتەوە.
سیلڤا و بارسێلۆنا
هەمیشە ناوی بێرناردۆ سیلڤا بە بارسێلۆناوە بەسترابووەوە، بەڵام سستیی کەتەلۆنییەکان و کۆتوبەندە داراییەکان لەوانەیە وای لە یاریزانەکە بکەن روو لە تۆرینۆ بکات.
سیلڤا کە لە کاروانی وەرزشیدا 24 نازناوی بەدەستهێناوە و 6 جار بووەتە پاڵەوانی پرێمەرلیگ، بەدوای ئاڵنگارییەکی نوێدا دەگەڕێت کە گەرەنتی رکابەریکردنی بۆ بکات لە بەرزترین ئاستدا، ئەمەش لە پێشنیازەکەی یوڤێنتوسدا هەیە، بەتایبەت بەهۆی گوشاری فرانسیسکۆ کۆنسیساوی هاوڕێی لە هەڵبژاردە کە بانگەشە بۆ پڕۆژە نوێیەکەی یوڤی دەکات.
میرالیم پیانیچ، ئەستێرەی پێشووی یوڤێنتوس، ئەم هەنگاوەی بە زۆر زیرەکانە ستایش کرد و جەختی کردەوە کە بێرناردۆ سیلڤا ئەو پاڵەوانەیە کە سپالێتی دەستبەجێ پێویستی پێیەتی بۆ گۆڕینی ناسنامەی تیپەکە.
لەگەڵ چاوەڕوانی یاریزانەکە بۆ یەکلاکردنەوەی بارودۆخی یانەکە لە سەرکەوتن بۆ چامپیۆنزلیگ، هەفتەکانی داهاتوو چارەنووسساز دەبن، چونکە سیلڤا کۆتایی مانگی 4 وەک کاتێکی سەرەتایی دیاری کردووە بۆ بڕیاردانی کۆتایی لەنێوان مانەوە لە ئەورووپا یان تاقیکردنەوەی ئەزموونێکی نوێ لە خولەکانی دیکەی دەرەوەی کیشوەرەکە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ