یانەی زاخۆ بۆ یانەی دهۆک: بەرامبەر بێڕێزی بە جەماوەرەکەمان بێدەنگ نابین

05-11-2023
رووداو @Rudawkurdish
چرکەساتی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هاندەرانی یانەکانی دهۆک و زاخۆ
چرکەساتی دروستبوونی شەڕ و ئاڵۆزی لەنێوان هاندەرانی یانەکانی دهۆک و زاخۆ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

یانەی زاخۆ راگەیێندراوێکی لەبارەی دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزییەکانی نێوان هاندەرانی یانەی دهۆک و یانەکەی بڵاوکردەوە و تێیدا دڵگرانیی خۆیان راگەیاندووە لە هاندەران و کارگێڕیی یانەی دهۆک و دەشڵێت، "پاراستنی گیانی جەماوەر لە ئەستۆی یانەی میوانداردایە" و "بەرامبەر بێڕێزی بە جەماوەرەکەمان بێدەنگ نابین."

لە راگەیێندراوەکەی یانەی زاخۆدا هاتووە، "ئێمە بە باشی دەزانین ئەو بەیاننامەی لەلایەن یانەی دهۆکەوە دەرکراوە، بۆ لادانی راستییەکانە لەسەر بابەتەکە و یانەی زاخۆ لەسەر ماف و بێڕێزی بەرامبەر جەماوەرەکەی بێدەنگ نابێت."

لە رکابەرییەکانی گەڕی سێیەمی خولی عێراق، کاژێر 19:00ـی ئێوارەی رۆژی شەممە 04-11-2023 هەردوو یانەی دهۆک و زاخۆ رووبەڕووی یەکدی بوونەوە و بە گۆڵێک بەرامبەر بوون، بەڵام دوای یارییەکە شەڕ لەنێوان هاندەرانی هەردوو یانە دروست بوو، لە ئەنجامی شەڕەکەشدا 33 کەس بریندار بوون، کە دووانیان چەقۆیان بەرکەوتووە، لەنێو بریندارەکانیش 11ـیان ئەندامی هێزە ئەمنییەکانن.

 
یانەی دهۆک لەدوای شەڕەکەی هاندەرانیان لەگەڵ هاندەرانی یانەی زاخۆ، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە، تێیدا دەڵێت، "بێدەنگ نابین و ناهێڵین مافمان پێشێل بکرێت."

یانەی زاخۆش دەڵێت، دڵگرانە لە جەماوەر و کارگێڕیی یانەی دهۆک لەوەی بەرامبەر هاندەرانی یانەکەیان کراوە، هەروەها نیگەرانیی لەوەش دەربڕیوە کە یانەی دهۆک رووداوەکەی خستووەتە ئەستۆی پۆلیس و هاندەرانی یانەی زاخۆ.

وەکو لە راگەیێندراوەکەی یانەی زاخۆدا هاتووە، "بەڵگەی زۆریان کۆکردووەتەوە" لەبارەی ئەوەی کە شەڕەکە لە کوێوە دەستیپێکردووە. ئەوەش خراوەتەڕوو کە بێڕێزی بەرامبەر سەرۆکی یانەکەیان کراوە و هێرشی کراوەتەسەر، ئەوەش بە هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە دەزانن.

لەکاتی بەڕێوەچوونی یارییەکەدا بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی دهۆک ئامادە بووە و یانەی زاخۆ داوا دەکات کە پرسیار لە ئەویش بکرێت کە هۆکاری دروستبوونی شەڕەکە کێ بووە.

 
زاخۆ زیاتر لە 20 ساڵە لە خوولی نایابی عێراقیدا یاری دەکات، لە راگەیێندراوی یانەکەدا هاتووە، "هیچ کاتێک لەناو یاریگەی خۆیدا، یانەی زاخۆ بێڕێزیی بە جەماوەری هیچ یانەیەک نەکردووە."

کارگێڕیی یانەی دهۆک لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێ "رووداوەکانی یارییەکەی ئەمشەو دڵگرانی کردین کە ژمارەیەک هاندەری ئێمە بە چەقۆ بریندارکران و ژمارەیەکی زۆری کورسیش شکێندران و سووتێنران، ئێمە چاوەڕێی راپۆرتی سەرپەرشتیارانی ئەمنی و کارگێڕیی یارییەکەین و هەر شتێک پێویستبێت بە بەڵگەوە لای کارگێڕی یانەکەمان رادەستکراوە و دراوە بە لایەنی پەیوەندیدار."

 
لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە بۆ دەرخستنی راستیی رووداوەکان پێکهێندراوە و یانەی دهۆکیش دەڵێت، دیاریکردنی ئەو رێژەیەی کورسیی هاندەران بۆ یانەی زاخۆ بەدەست یانەی دهۆک نەبووە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە