رووداو دیجیتاڵ
ژمارەیەک لە یاریزانە سەرەکییەکانی یانەی بارسێلۆنا بەڕوونی خواستی خۆیان دەربڕیوە و داوای گەڕانەوەی ئینیگۆ مارتینێز لە بازاڕی گواستنەوەی زستانەدا دەکەن، چونکە پێیانوایە ئەو بۆشاییەی ئەو لە تیپەکەدا بەجێیهێشتووە بەئاسانی پڕناکرێتەوە.
رۆیشتنی ئینیگۆ بۆشاییەکی گەورەی لە هێڵی بەرگری تیپەکەدا دروستکردووە، چونکە تیپەکە هەست بە کەمی ئەزموونی سەرکردایەتی دەکات لە هێڵی هێرشبردندا،کە یارمەتیدەر بێت بۆ رێکخستنی ئاستی یاری و بەرزکردنەوەی ئاستی کێبڕکێ لە یارییە گەورەکاندا.
سەرەڕای ئاستە باشەکەی جێرارد مارتن لە دڵی بەرگریدا، یاریزانان دەزانن کە تیپەکە پێویستی بەسەرکردەیەکە بەبێ بەستنی نیشانەی کاپتنی، کە توانای ئاراستەکردنی یاریزانە گەنجەکان، پاراستنی هێڵی بەرگری و راستکردنەوەی هەڵەکانی لە کاتی گونجاودا هەبێت.
سەرکردەی ئیلهامبەخش
ئینیگۆ تەنیا بەرگریکارێک نەبوو، بەڵکو کەسایەتییەکی سەرکردە بوو لە ژووری جلگۆڕیندا. کاریگەرییەکەی درێژدەبووەوە بۆ مەشقە رۆژانەکان و بەڕێوەبردنی ساتە هەستیارەکان، ئەمەش وایلێدەکات یەکێک بێت لەو کۆڵەکانەی کە تیپەکە ئێستا لەدەستی داوە. خۆشەویستی و رێزی هاوڕێکانی بۆی، بەهای گەڕانەوە ئەگەرییەکەی دوو هێندە دەکات.
رەزامەندیی فلیک و بژاردە بەردەستەکان
هانزی فلیکی راهێنەر، کە لەبنەڕەتدا ئاگاداری رۆیشتنی ئینیگۆ نەبوو، بەرز دەڕوانێتە یاریزانە خاوەن ئەزموون و کەسایەتییە بەهێزەکان، بۆیە دژی ئەوە نییە جارێکی دیکە ئینیگۆ بگەڕێنێتەوە.
ئەم هەنگاوە پێویستی بە پارەیەکی زۆر نییە و دەبێتە هۆی بەهێزکردنی ئاستی کێبڕکێی تیپەکە لە نیوەی دووەمی وەرزدا، کە بەڕووبەڕووبوونەوە و یارییە چارەنووسسازەکان دەناسرێتەوە.
گەڕانەوە بۆ بازنەی گرنگیپێدان
بیرۆکەکە لەناو یانەکەدا دەنگدانەوەی پەیدا کردووە. گەڕانەوەکە تەنیا داواکارییەکی هونەری نییە، بەڵکو خواستی هاوبەشی یاریزانانە بۆ بەهێزکردنەوەی هێڵی بەرگری لە ڕیگەی سوودوەرگرتنەوە لە ئەزموونی ئینیگۆ.
بەگوێرەی سەرچاوەکانی نزیک لە کارگێڕیی یانەی بارسێلۆنا، ئێستا ئەو بابەتە لە ژووری جلگۆڕیندا گەرم و بووە و یاریزانانی ئەو یانەیە داوادەکەن کارگێڕیی بەجددی بیر لە دۆزینەوەی رێگایەک بکاتەوە بۆ دووبارە گەڕاندنەوەی ئینگۆ مارتینێز بۆ تیپەکە لە زستاندا.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ