رووداو دیجیتاڵ
یارییەکانی قۆناخی شازدەی جامی ئەفریقا بەردەوامدەبن، هەڵبژاردەی میسر بەسەرکردایەتیی محەممەد سەڵاح بەرامبەر هەڵبژاردەی بەنین یاریی دەکات و دەیەوێت بگاتە قۆناخی داهاتووی پاڵەوانێتییەکە.
میسر رۆژی یەکشەممە دوایین مەشقەکانی بۆ یارییەکە ئەنجامدا، تیپەکە خۆی ئامادەکردووە بۆ ئەوەی بگاتە قۆناخی داهاتوو و لە رکابەرییەکەدا بەردەوامبێت، محەممەد سەڵاح، عومەر مەرمووش و مەحموود تریزیگە ئامادەن بۆ ئەوەی سەرکردایەتیی فیرعەونەکان بکەن.
میسر بە دوو بردنەوە و یەکسانبوونێک بە یەکەمی کۆمەڵەی دووەم گەیشتە ئەم قۆناخەی ئەم پاڵەوانێتییە، بەنین بە سێیەمی کۆمەڵەی چوارەم سەرکەوتووە، کاژێر 19 هەردوو تیپ رووبەڕووی یەکدەبنەوە.
بەنین تەنیا دووجار گەیشتووەتە قۆناخی شازدەی جامی ئەفریقا و چاوەڕ ناکرێت ببێتە بەربەستێکی زۆر زەحمەت لە بەردەم میسر بۆ گەیشتن بە قۆناخی داهاتوو، لەکاتێکدا چوار یارییان بەرامبەر یەکدی کردووە، میسر سێ بردنەوەی هەبووە و یارییەکیش بەیەکسانبوون کۆتاییهاتووە.
هەڵبژاردەی نەیجیریا وەکو یەکێک لە بەهێزترین هەڵبژاردەکانی جامی ئەفریقا، ئەمڕۆ یارییەکی دیکە ئەنجامدەدات و بەرامبەر هەڵبژاردەی موزەمبیق یاریی دەکات و چاوی لە گەیشتن بە قۆناخی داهاتووە.
کاژێر 22:00 نەیجیریا لە قۆناخی کۆمەڵەکاندا هەر سێ یارییەکەی بردەوە و بە خاڵی تەواوەوە گەیشتە ئەم قۆناخە و هاوشانی جەزائیر تاکە دوو هەڵبژاردە بوون هەر سێ یارییەکەیان بردبێتەوە، موزەمبیق وەکو سێیەمی کۆمەڵەی شەشەم بە تەنیا یەک بردنەوە گەیشتە ئەم قۆناخەی پاڵەوانێتییەکە.
نەیجیریا بەرامبەر موزەمبیق 6 یاریی ئەنجامداوە، هیچ یارییەکی نەدۆڕاندووە، 5 بردنەوە و یەکسانبوونێکی هەیە و دەیەوێت بەسەرکردایەتیی ڤیکتۆر ئۆسیمێن درێژە بە ئەنجامە باشەکانی بدات و بگاتە قۆناخی داهاتوو.
براوەی ئەم یارییە رووبەڕووی براوەی یاریی نێوان هەردوو هەڵبژاردەی جەزائیر و کۆماری کۆنگۆ یاریی دەکات.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ