راگەیێنراوێک لە یانەی ئامەدسپۆرەوە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
سامان وڵاتژێری @samanwllatzheri
نیشانەکردن ئامەدسپۆر
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

یانەی ئامەدسپۆر راگەیێنراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت "جگە لەو ئاهەنگەی ئێمە رێکمان خستووە هیچ چالاکییەکی دیکە نییە و داوا لە هاندەرانمان دەکەین لە دەرەوەی راگەیێنراوی فەرمی یانەکە هیچ چالاکییەکی دیکە لەبەرچاو نەگرن."
 
ئامەدسپۆر لە راگەیێنراوەکەیدا دەڵێت "جگە لە رێوڕەسمی وەرگرتنی جام و ئاهەنگی شایستەی پاڵەوانێتی کە یانەکەمان لە رێکەوتی 10ـی5 ئەنجامیدەدات و هیچ بەرنامەیەکی دیکەی زیادە بوونی نییە. لەم چوارچێوەیەدا بە تووندی داوا دەکەین کە هیچ چالاکی و رێکخستنێک لە دەرەوەی راگەیێنراوی فەرمی یانەکەمان لەبەرچاو نەگیرێت".
 
یانەی ئامەدسپۆر دووپاتیدەکاتەوە، بۆ رێگریکردن لە چەواشەکردنی رای گشتی، بە رێزەوە رایدەگەیێنین کە سەبارەت بەو چالاکییانەی بەبێ ئاگاداری و رەمەزامەندیی یانەکە ئەنجامدەدرێن، رێکاری یاسایی پێویست دەگیرێتەبەر.
 
لە کۆتایی راگەیێنراوەکەدا یانەی ئامەدسپۆر دەڵێت "داوا لە هاندەران و هاووڵاتیان دەکەین کە تەنیا ئەو راگەیێندراوانە بە بنەما وەربگرن کە لە رێگەی کەناڵە فەرمییەکانی پەیوەندیدار بە یانەکەوە بڵاودەکرێنەوە".
 
یانەی ئامەدسپۆر دوای ئەوەی لە دوایین گەڕی خولی پلەی یەکی تورکیا لەگەڵ یانەی ئیدر یەکسانبوو، بۆ یەکەمجار لە مێژوویدا خۆی گەیاندە رکابەرییەکانی سوپەرلیگ و وەرزی داهاتوو لە بەرزترین ئاستی تۆپی پێی تورکیادا یاریی دەکات، ئەوە کاردانەوەی زۆر گەورەی بەدوای خۆیدا هێنا و لە زۆرینەی شوێنەکان بەو بۆنەیەوە هاندەرانی کەسک و سوور ئاهەنگ دەگێڕن.
 
ئامەدسپۆر پێشتر رایگەیاندبوو، رۆژی یەکشەممەی داهاتوو کاژێر 16:00 لە پارکی نەورۆز ئاهەنگی سەرکەوتن بۆ سوپەرلیگ ئەنجامدەدات و هاندەرانی یانەکە بانگهێشت دەکات بۆ بەشداریکردن لەو ئاهەنگە گەورەیەدا.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە