نەیمار بیری لە وازهێنانی یەکجاریی کردبووەوە

دوێنێ کاژێر 02:25
ئومێد ئازاد
نیشانەکردن نەیمار دا سیلڤا هەڵبژاردەی بەرازیل کارلۆ ئەنچێلۆتی
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نەیمار داسێلڤا دوای تووشبوونی بە پێکانە یەک لەدوای یەکەکان، بیری لە وازهێنانی یەکجاری لە تۆپی پێ کردووەتەوە. 
 
باوکی نەیمار ئاشکرایکردووە، پاش دوایین پێکان لە مانگی یانزەی رابردوودا، ئەو یاریزانە بیری لەوە کردووەتەوە، بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
 
نەیمار سانتۆسی باوکی نەیمار، لە چاوپێکەوتنێکدا ئاشکرایکردووە، دووبارەبوونەوەی پێکانەکان نەیماری زۆر بێئومێد کردووە و هەر ئەوەش وای لێکردووە بەیەکجاری واز لە یارییکردن بهێنێت.
 
بە گوتەی باوکی نەیمار، ئەم بارودۆخە دوای پێکانەکەی لە کۆتایی مانگی یازدەی رابردوودا، روویداوە، کاتێک ئەستێرەکەی سانتۆس تووشی داخورانی کڕکڕاگەی ئەژنۆی چەپی بوو. ئەو ئەستێرەیە، لە نێوان کاریگەریی پێکانەکەی  و ماندوێتییە دەروونییەکەیدا، هەستی بە بێهیواییەکی زۆر کردووە، کە وایلێکرد بە راستی بیر لە وازهێنان و کۆتایی هێنان بە کاروانی وەرزشیی خۆی بکاتەوە.
 
باوکی نەیمار دەڵێ: کاتێک گەڕامەوە ماڵەوە لە کوڕەکەمم پرسی: بارودۆخت چۆنە؟ سەیری دەکردم و دەیگوت "باوکە، چیدیکە بەرگە ناگرم.. نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەین، بەڵام تەنانەت نازانم ئایا ئەم هەموو ماندووبوونە دەهێنێت یان نا. بۆ من، ئیتر بەسە، هەموو شتێک کۆتایی هات".
 
باوکی نەیمار، هەروەها باسی لەو کاریگەرییە دەروونییە گەورەیە کرد، کە بەهۆی دزەپێکردنی هەواڵی پێکانەکەی بۆ ناوەندەکانی راگەیاندن دروست بووبوو، پێشئەوەی هیچ گفتوگۆیەکی نێوخۆیی لەگەڵ یاریزانەکە خۆیدا بکرێت. باوکی دەڵێ: هەواڵەکە بۆ رۆژنامەکان دزەیکرد پێشئەوەی قسەی لەگەڵ بکەین، بەو هۆیەوە باری دەروونیی بەتەواوی داڕما. بۆ ساتێک، خەریک بوو نەتوانم دەروونی کوڕەکەم رزگار بکەم.
 
لە بەرامبەر ئەم دۆخەدا، سانتۆس داسێلڤا روونی کردەوە کە هەوڵی داوە لە خواستەکەی کوڕەکەی تێبگات و هەستەکانی هێور بکاتەوە، بەڵام لە هەمان کاتدا هانی داوە بە هێمنی بیر بکاتەوە. باوک دەڵێ پێمدەگوت، کەواتە هەموو شتێک تەواو بوو؟ ئەی بۆچی نەشتەرگەرییەکە ئەنجام دەدەین؟ 
 
بە گوتەی باوکی، دوو هۆکاری یەکلاکەرەوە لە پشت بڕیارەکەی نەیمار بوون بۆ بەردەوامبوون، ئارەزووی وەڵامدانەوەی رەخنەکان و بەدیهێنانی خەونی بەشداریکردن لە مۆندیالدا لەژێر سەرپەرشتی کارلۆ ئەنچێلۆتی.
 
سەبارەت بەو وشانەی ئاراستەی نەیماری کرد، روونی کردەوە، زۆر کەسی ژاوەژاوکەر دەیانەوێت تۆ کۆڵ بدەیت، زۆری نەماوە، تەنیا 6 مانگی دیکە، دوای ئەوە ئەگەر ویستت واز بهێنیت، منیش لەگەڵتدا وازدەهێنم، بەڵام نابێت قبووڵی ئەوە بکەیت دوای پێکان وازبهێنیت و دەستبەرداری خەونەکانت ببیت.
 
رۆژی دوای ئەو گفتوگۆیە، نەیمار بڕیاریدا خۆی تاقیکردنەوە بۆ سنووری تواناکانی بکات سەرەڕای ئازارەکان، ئامادەی مەشقەکان بوو و تاقیکردنەوەی بۆ لێدانی تۆپ بە هەردوو پێی کرد، تاوەکو هەست بکات هێشتا توانای بەردەوامبوونی هەیە. 
 
وەڵامەکە لە نێو یاریگادا بوو، دوای ئەوەی لە رووی دەروونییەوە لەو حاڵەتە داڕمانە دەروونییە چاکبووەوە، نەیمار لە سێ گەڕی کۆتایی خولی بەرازیلیدا یەکلاکەرەوە بوو توانی هاتریکێکی لە بردنەوەی تیپەکەی بەرامبەر یوڤێنتودێ تۆمارکرد، هەروەها گۆڵێک و ئەسیستێکی بەرامبەر سپۆرت ریسێفی هەبوو و سەرکردایەتی بردنەوەی بەرامبەر کروزێرۆ کرد ئەمەش ئەو ئەنجامە بوو کە مانەوەی سانتۆسی لە خولی پلە یەک بۆ وەرزی 2026 مسۆگەر کرد.
 
نەیمار لە 22ی مانگی 12ی 2025دا نەشتەرگەریی کڕکڕاگەی ئەژنۆی چەپی ئەنجامداوە وەک دوایین پێشهات، نەیمار ئێستا لە قۆناخی چاکبوونەوەدایە و بە تەواوی سەرنجی لەسەر ئەوەیە بە باشترین ئاستی خۆی بگەڕێتەوە. کارلۆ ئەنچێلۆتیش دەربارەی بارودۆخەکە قسەی کردووە و گوتیەتی کە دەبێت نەیمار بە رێژەی 100٪ ئامادە بێت، بۆ ئەوەی بتوانێت پەیوەندی بە هەڵبژاردەی بەرازیلەوە بکاتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە