رووداو دیجیتاڵ
کارلۆ ئەنچێلۆتی، راهێنەری بەناوودەنگی ئیتاڵی، گەیشتە بەرازیل بۆ ئەوەی لە ئەرکە نوێیەکەی وەک راهێنەری هەڵبژاردەی بەرازیل دەستبەکارببێت.
کارلۆ کە کڵاوی رەنگ زەردی هەڵبژاردەی بەرازیلی لەسەرکردبوو لە کاتی گەیشتنی بۆ ریۆ دی جانیێرۆ، دەبێتە یەکەم راهێنەری بیانی هەڵبژاردەی بەرازیل لەماوەی نزیکەی یەک سەدەی رابردوودا.
راهێنەرە 65 ساڵییەکە، بەیاوەریی ژمارەیەک لە ئەندامانی خێزانەکەی و یاریدەدەرەکانی گەیشتە بەرازیل و بڕیارە ئەمڕۆ دووشەممە لیستی یاریزانانی بانگهێشتکراو بۆ ریزەکانی هەڵبژاردەکە لەپێناو دوو یاریی داهاتوو لە پاڵاوتنەکانی ئەمریکای باشوور بۆ مۆندیالی داهاتوو، بەرامبەر هەریەکە لە ئیکوادۆر و پاراگوای رابگەیێنێت.
گەیشتنی ئەنچێلۆتی بۆ مەشقدانی هەڵبژاردەی بەرازیل، هاوکاتبوو لەگەڵ دەستبەکاربوونی سەمیر زود بەسەرۆکی فیدراسیۆنی تۆپی پێی ئەو وڵاتە، کە بڕیارە بۆ چوار ساڵی داهاتوو سەرۆکی فیدراسیۆنەکە بێت. لە کاتێکدا هەڵبژاردنەکانی فیدراسیۆنەکە کۆتایی بەسەرۆکایەتیی ئێدناڵدۆ رۆدریگێز هێنا، کە چەندین مشتومڕی یاسایی لە رۆژانی رابردوو لەبارەیەوە وروژێنراون.
ئەنچێلۆتی ئەمڕۆ لەگەڵ دەستەی نوێی فیدراسیۆنی تۆپی پێی بەرازیل کۆدەبێتەوە، بەرلەوەی یەکەم کۆنگرەی رۆژنامەڤانیی وەک راهێنەری بەرازیل ئەنجام بدات.
لە یەکەم دەکەوتنیدا لەسەر خاکی بەرازیل، ئەنچێلۆتی لە چەند شوێنێکی جیاواز لەلایەن هاندەرانی هەڵبژاردەکەوە بەگەرمی پێشوازیی لێکرا.
راهێنەرە ئیتاڵییەکە کە دوو رۆژ لەمەوپێش ماڵئاوایی لە هاندەرانی یانەی ریال مەدریدی ئیسپانی کرد، یەکەمجارە لە کاروانی راهێنەرایەتی خۆیدا کە زیاتر لە 30 ساڵە بەردەوامە، مەشقدانی هەڵبژاردەی وڵاتێک لەئەستۆ دەگرێت، لە کاتێکدا دەیان یانەی جیاوازی سەرپەرشتی کردووە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ