رۆناڵدۆ مەرجی زۆر قورسی هەیە

2 کاژێر له‌مه‌وپێش
ئیحسان تاهیر
نیشانەکردن کریستیانۆ رۆناڵدۆ یانەی نەسڕ
A+ A-
رووداو - هەولێر

 

کریستیانۆ رۆناڵدۆ، ئەستێرەی پۆرتوگالی گەڕایەوە بۆ مەشقەکانی یانەی نەسڕ، بەڵام بەمەرجی قورس؛ و بە بەرپرسانی یانەکەی گوتووە "یان داواکارییەکانم جێبەجێ بکەن یان دەڕۆم".
 
پەیوەندییەکانی نێوان کریستیانو رۆناڵدۆ و یانەی نەسڕی سعودی گەیشتووەتە قۆناخێکی هەستیار و پڕ لە گرژی. دوای هەفتەیەک لە بایکۆتکردنی مەشق و یارییەکان وەک ناڕەزایەتییەک بەرامبەر شێوازی بەڕێوەبردنی یانەکە، ئەستێرە پۆرتوگالییەکە گەڕایەوە نێو یاریگەی مەشقەکان، بەڵام بەکۆمەڵێک مەرجی 'تووند و یەکلاکەرەوە'.
 
بەپێی زانیارییەکانی سەرچاوەکانی نزیک لە رۆناڵدۆ،  دۆن دوێنێ چوارشەممە گەڕاوەتەوە بۆ مەشقەکان، بەڵام ئەمە بە واتای کۆتاییهاتنی قەیرانەکە نایێت. رۆناڵدۆ بەتووندی نیگەرانە لەوەی یانەی نەسڕ لە مێرکاتۆی زستانەدا هیچ گرێبەستێکی نوێی ئەنجام نەداوە، لەکاتێکدا رکابەرە سەرەکییەکەیان کە یانەی هیلالە، بەردەوامە لە بەهێزکردنی ریزەکانی.
 
مەرجەکانی رۆناڵدۆ قورسن؟
 
برۆنۆ ئەندرادی، رۆژنامەنووس لە تۆڕی ESPN ئاشکرایکردووە کە گەڕانەوەی رۆناڵدۆ تەنیا بۆ مەشقکردنە و هێشتا بڕیاری بەشداریکردنی لە یارییەکاندا نەداوە. مەرجی سەرەکی رۆناڵدۆ بریتییە لە "پێدانی سەربەخۆیی تەواو بە کارگێڕیی وەرزشی و جێبەجێکار، و دەستوەرنەدان لە کارەکانی کۆتینیۆ سیماو و خۆسێ سیمیدۆ (دوو بەرپرسە پۆرتوگالییەکەی یانەکە کە نزیکن لە ڕۆناڵدۆ)".
 
رۆناڵدۆ پێیوایە دەستوەردانەکانی سندوقی وەبەرهێنانی گشتی سعودیە بووەتە هۆی راگرتنی ئەو گرێبەستانەی کە یانەکە پێویستی پێبووە بۆ کێبڕکێکردن لەسەر نازناوی خولی رۆشن.
 
یارییەکەی ئیتیحاد و داهاتووی رۆناڵدۆ
 
هەمان سەرچاوە ئاماژەی بەوە کردووە، سەرەڕای گەڕانەوەی بۆ مەشقەکان، رۆناڵدۆ رۆژی هەینی بەرامبەر یانەی ئیتیحاد یاری ناکات. ئەو پەیامێکی روونی داوەتە کارگێڕیی یانەکە "ئەگەر گۆڕانکارییەکان ئەنجام نەدرێن،  تەنیا مەشق دەکەم و بەشداریی هیچ یارییەک ناکەم".
 
سەرەڕای ئەوەی گرێبەستەکەی رۆناڵدۆ تاوەکو هاوینی 2027 بەردەوامە، بەڵام ئەگەری جێهێشتنی یانەکە لەئارادایە. رۆناڵدۆ دەتوانێت بەپێدانی 50 ملیۆن یۆرۆ وەک 'مەرجی هەڵوەشاندنەوە'" گرێبەستەکەی هەڵبوەشێنێتەوە، لەکاتێکدا لە ئێستاوە دەستەوارە لە یانەکانی ئەمریکا و ئەوروپاوە بۆ هاتووە.
 
کریستیانو رۆناڵدۆ کە ئەمڕۆ یادی 41 ساڵەی لەدایکبوونی دەکاتەوە، لەوەتەی لە کانوونی دووەمی 2023 پەیوەندی بە یانەی نەسڕەوە کردووە، لە 133 یارییدا 117 گۆڵی تۆمارکردووە، بەڵام تاوەکو ئێستا نەیتوانیوە هیچ نازناوێکی فەرمی لەگەڵ یانە زەردپۆشەکە بەدەستبهێنێت.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە