رووداو دیجیتاڵ
دوای ئەو کاردانەوە زۆرانەی بەهۆی نەگوتنەوەی سروودی نیشتمانیی وڵاتەکەیان لەلایەن یاریزانانی هەڵبژاردەی ژنانی ئێرانەوە دروستبوو، ئەمجارە یاریزانەکان سروودەکە دەڵێنەوە.
لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیای خانماندا کە یارییەکانی لە ئوسترالیا بەڕێوەدەچن، خانمانی ئێران لە یاریی یەکەمیاندا بەرامبەر کۆریای باشوور ئامادەنەبوون سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان بڵێنەوە، ئەو کاتە وەکو قارەمان و خاوەن هەڵوێستی بەرگری ستایشکران وەکو ئاماژەیەک بۆ پێشاندانی ناڕەزایەتی بەرامبەر رژێمی کۆماری ئیسلامی ئێران.
دوای ئەو کاردانەوە زۆرانەی دروستبوون، لە یاریی دووەمیاندا کە ئەمڕۆ بەرامبەر ئوسترالیا ئەنجامیاندا، تەواو پێچەوانەی یاریی یەکەم، خانمانی ئێران بەیەکەوە وەستان، بە دڵ سروودی نیشتمانی وڵاتەکەیان دەڵێنەوە و سڵاوی سەربازی بۆ ئاڵای وڵاتەکەیان دەکەن.
جگە لە یاریزانان، ستافی راهێنەرانیش دەستیان خستە سەر دڵیان و بەیەکەوە سروودەکە دەڵێنەوە.
لە کاتی گوتنەوەی سروودی نیشتمانی لەلایەن یاریزانی ئێرانەوە، بەشێکی بچووکی هاندەرانی هەڵبژاردەکە فیکەی ناڕەزایەتیان لە دژی یاریزانەکان لێدا.
سەرچاوە رۆژنامەڤانییەکان دەڵێن، دوای ئەوەی یاریزانەکان لە یاریی یەکەمیاندا سروودەکەیان نەگوتەوە و کاردانەوەی دروستکرد، ئەو تیمەی سەرپەرشتی پاراستنی ئاسایشی هەڵبژاردەکە دەکات ناچارکراوە لە یارییەکەی ئوسترالیادا یاریزانەکان سروودی نیشتمانی بڵێنەوە و سڵاوی سەربازی بکەن."
بەر لەم یارییە سارا دیدار، هێرشبەری هەڵبژاردەی ئێران لە کاتی باسکردنی دۆخی وڵاتەکەی لە کۆنگرەی رۆژنامەڤانیدا گریا و نەیتوانی قسەکانی تەواو بکات.
ئێران لە یارییەکەی بەرامبەر ئوسترالیا بە 0-4 دۆڕا و بەفەرمی ماڵئاوایی لە رکابەرییەکانی جامی ئاسیای خانمان کرد.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ